“هەڤاڵ هەڵمەت شۆڕشگێڕێک بوو لە بەرزترین ئاستی تێکۆشاندا”

قەندیل

هاوڕێیانی شەهید هەڵمەت، باس لە کەسایەتی و تێکۆشان و ڕێبازی شەهید دەکەن و بە مامۆستا و پێشەنگی باشووری کوردستانی دەزانن و دەڵێن: هەڤاڵ هەڵمەت شۆڕشگێڕێک بوو لە بەرزترین ئاستی تێکۆشاندا، لەگەڵ هەموو زمان، نەتەوە و دینێکدا مامەڵەی دەکرد و سیستەمی پێکەوە ژیانی هەڵبژاردبوو.

شەهید دیار غەریب ناسراو بە “هەڵمەت گابار”، لە ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی سێوسێنانی قەرەداغ لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٩٥

ڕێکخستنی ئاپۆچێتی دەناسێت و ماوەی ٢٤ ساڵ لەنێو تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگایی گەلی کوردا لە چەندین ئاستی جیاوازدا جێ دەگرێت، دواجار لە ڕۆژی ٥ـی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەیدا بە بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بە یارمەتى نۆکەرانى داگیرکەران لە بناری قەندیل شەهید بوو.

لە بارەی کەسایەتی و تێکۆشانی شەهید هەڵمەت گابارەوە، هاوڕێ و هاوخەباتانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

جومعە کەریم یەکێک لە هاوخەباتانی شەهید هەڵمەت وتی: شەهید هەڵمەت تەنها شۆڕشگێڕێک و هەڤاڵێک نەبوو، بەڵکو مامۆستا و ڕێبەرێک بوو کە

جومعە کەریم
جومعە کەریم

هەموو پێوانەکانی فەرماندە و مامۆستای لە یەک کاتدا تێدا کۆدەبووەوە، بوو بە پێویستییەک بۆ باشووری کوردستان و ئەو شۆڕشەی لە باشووردا بەڕێوەدەچێت.

لە درێژەی قسەکانیشیدا باسی لەوەکرد، شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت کەلێنێکی گەورەی لەناو هەڤاڵانیدا و لەناو هەموو خەڵکی باشووریشدا دروستکرد، بەڵام خۆشبەختانە ئەوەندە هەڤاڵی پەروەردە کردووە کە وا شوێنەکەی چۆڵنەبێت، هەر کەسێکیش هەڤاڵ هەڵمەتی ناسیبێت بەڵێنی دووپات کردووەتەوە کە لەسەر ئەو ڕێ و ڕێبازانەی هەڤاڵ هەڵمەت تێکۆشانی بۆ کردوە بەردەوام دەبن و ناوەستن تا سەرکەوتن.

ئەو هاوخەباتەی شەهید هەڵمەت ئاماژەی بەوەشکرد، هەڤاڵ هەڵمەت بە مانای وشە شۆڕشگێربوو، لە هەموو لایەنەکاندا تێکۆشانی دەکرد و بۆ ئازادیی ژن لە بەرزترین ئاستی تێکۆشاندابوو، هەروەها بۆ دیموکراسیی و بۆ ئاشتیی گەلان خەباتێکی زۆری کردوە، بیروباوەڕێکی قوڵی هەبوو بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەی ژیانی ئازاد، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێگای پەروەردە و سیمینار و بڵاوکراوەکانییەوە کاری بۆ ئەوە دەکرد و مامۆستامان بوو.

هەروەها کەمال حەسەن یەکێک لە هاوڕێیانی شەهید هەڵمەت وتی: هەر کەسێک بۆ چرکەساتێک هەڤاڵ هەڵمەتی ببینیایە، زۆر بە خێرای جێگای خۆی لە

کەمال حەسەن
کەمال حەسەن

دڵیدا دەکردەوە، بە بینینی کاریگەریی زۆر باشی لەسەر دادەنای لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خۆدروستکردن و پەروەردەکردن، هەرچی شتێک لە ژیانیدا هەبوو هەڤاڵ هەڵمەت کردبووی بە قوربانی نەتەوە و نیشتیمان، هەموو بنەما فکرییەکانی لە خۆیدا بەرجەستەکردبوو.

وتیشی: هەڤاڵ هەڵمەت تەنانەت لەگەڵ دوژمنانی گەلی کوردیشدا لەسەر بنەمای لە یەک تێگەشتن هەوڵی لە یەک نزیکبوونەوەی دەدا، بۆ ئەوەی کە تێیان بگەیەنێت کە ئەو ڕێبازە ڕاستە چییە کە گەلی کورد پێویستە هەوڵی بۆ بدات و خۆی لەسەر پەروەردە بکات و کاری بۆ بکات، هەڤاڵ هەڵمەت لەگەڵ هەموو زمان، نەتەوە و دینێکدا مامەڵەی دەکرد و سیستەمی پێکەوە ژیانی هەڵبژاردبوو.

ب. جـ

Comments are closed.