پزیشکێک: جۆری خۆراك گرنگە بۆ ژنانى دووگیان نەك بڕی خۆراك

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر دیمەن حسێن دەڵێت، ژنانى دووگیان بەرپرسیارن لە تەندروستی كۆرپەلەكەیان، چونكە تاكە سەرچاوەی خۆراكن بۆیان، بۆیە پێویست دەكات كە ژنانى دووگیان گرنگی زۆر بدەن بە خۆراك و شێوەی خواردنی رۆژانەیان، دەشڵێت، جۆری خۆراك گرنگە بۆ ژنانى دووگیان نەك بڕی خۆراك.

دکتۆر دیمەن حسێن، پزیشکى پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە نوسینێکدا باس لە جۆرى خواردنە تەندروستەکان دەکات لەلایەن ژنانى دووگیانەوە و دەقى نوسینەکەشى بەمجۆرەیە:-

ژنانى دووگیان بەرپرسیارن لە تەندروستی كۆرپەلەكەیان، چونكە تاكە سەرچاوەی خۆراكن بۆیان، بۆیە پێویست دەكات كە ژنانى دووگیان گرنگی زۆر بدەن بە خۆراك و شێوەی خواردنی رۆژانەیان.

بیرو رایەكی هەڵە هەیە كە دەڵێ ژنانى دووگیان بە بایی دوو كەس بە بڕی زیاد خۆراك بخوات، بەڵام لە راستیدا كۆرپەلە پێویستی بە بڕێكی كەمی وزە هەیە كە دەبێ ژنانى دووگیان لە خۆراكیاند زیادی بكەن.

ئەوەی سەبارەت بە خۆراك گرنگە ئەوەیە كە گرنگی بە جۆری خۆراك بدرێت نەك بە زیادكردنی بڕی خۆراك و زیادكردنی وزە (كالۆری) كە تەندروستی باشتر بۆ دایك و كۆرپەلەكەی دابین بكات .

بۆ نموونە كالسیۆم ( شیر یان بەرهەمەكانی شیر وەكو ماست یان پەنیر)، فۆلیك ئەسید بۆ پاراستنی زگماکی ناتەندروست لە کۆرپەلەدا رۆڵی سەرەكی هەیە، سەوزە و رووەكە پاقلەییەكاندا بە رێژەیەكی باش فۆلیك ئەسید لەخۆدەگرن.

ئاسن لەبەر كەمخوێنی كە زۆربەی ژنە دووگیانەكان تووشی دەبن( گۆشت، هێلكە، نیسك، سپێناغ، پاقلەمەنییەكان، ڤیتامین c) بۆ بەهێزكردنی بەرگری جەستە و هاندانی هەڵمژینی ئاسن لە كۆئەندامی هەرسدا(میوەی مزر، قەرنابیت، كیوی، گەڵا سەوزەكان گرنگن.

ئ.م

Comments are closed.