شەممە, 28 ينا 2017 – 10:14
ڕۆژنیوز – مێردین
ئەو دوو نووسەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتای ئەم مانگە لە شاری مێردین-ی باکوری کوردستان دەستبەسەر کرابوون، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە لە دادگای مێردین وتەیان لێ وەرگیرا و بە هەمان تۆمەتیش تاوانبار کران.
دوێنی لە دادگای مێردێن هەردوو نووسەر سەجاد جیهانفەرد ناسراو بە (ژیار) و حەسەن بەلدە، کە خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، لە رۆژی ٣ی ئەم مانگە لە شاری مێردین-ی باکوری کوردستان لە کاتی وێنەگرتن لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرابوون، وتەیان لێ وەرگیرا و بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان خرانە زیندانەوە.
شێخموس سەفەر، سەرۆکی پێشووی ناوەندی پێنی کورد بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:”ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان، چونکە ئەو دوو نووسەرە هەر کامیان بۆ کارێک هاتوونەتە مێردین، ژیار جیهانفەرد هاتبوو بۆ ئەوەی لێکۆلینەوەیەکی خۆی چاپ بکات لەبارەی کوردانی کەلهوڕ و ئەیرەوان، کە بۆ ئێمە بابەتێکی کەموێنە و پێویستە”.
لەبارەی حەسەن بەلدە، دەستگیرکراوەکەی دیکە، شێخموس وتی:”حەسەنیش بۆ ئەوە هاتبوو، کە لە زانکۆی مێردین ماستەر بخوێنێت لە بەشی کەلتوری کوردی “.
نەجات شیرای، پارێزەری هەردوو تۆمەتبارەکە بە رۆژنیوزی وت:” هەردوو بریگرتەکەم کە بۆ کاری کەلتوری هاتبوونە ئێرە و شارەزاییەکی وەهایان لە یاسا و دۆخی سیاسی و ئەمنی ئێرەوە نییە، ئەوان لە کاتی وێنەگرتن دەستگیرکراون ئاگاداری یاسا و رێسای دەولەتی تورکیا نەبوون، بەڵام دادگا بەهۆی ئەو وێنانەی کە وەکو گەشتیارێک لەوێ گرتبوویان، بەتۆمەتی هاوکاریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار کراون”.
پارێزەکەیان وتیشی: “وێنەکانی بریگرتەکانم وەکو بەڵگەی تۆمەتەکە خراوەنەتە ناو دۆسیەکەیان”.
د.خ