ئێران؛ کچە هاندەرێک لە یاریگەی ئازادی تاران دەستگیرکرا

چوؤرشەممە, 24 ماي 2017 – 10:46 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

لە کاتی یارییەکی تۆپی پێدا لە نێوان یانەکانی ئیستقلالی تاران و ئەلعەینی ئیمارات، کە لە چوارچێوەی جامی قارەمانێتی ئاسیادا بەڕێوەدەچوو، کچە هاندەرێک کە بە جلی کوڕانەوەو بەدزییەوە چووبووە ناو یاریگاکەوە دەستگیرکرا.

ئەو یارییە ڕۆژی دووشەممە لە یاریگەی ئازادی تاران بەڕێوەچووەو هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو کچەش کە هێشتا ناوی ئاشکرانەکراوە، شەوی ڕابردوو لە ڕاگەیاندنەکانی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە.

لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئێڕان لە ١٩٧٩ەوە هاتوچۆی ژنان بۆ یاریگاکان قەدەغەکرا، بەڵام ژنان دەستبەرداری مافەکانیان نەبوون و لە هەموو یارییەکدا دەیان کچ و ژن بە جلی کوڕانەوەو بەدزییەوە دەچنە ناو یاریگاکانەوە.

ژیانی ژنانی ئێرانی لەلایەن ڕژێمی ئێڕانەوە لە هەموو بوارەکاندا سنووردەکرێتەوەو لەگەڵ ئەوەی ناچاردەکرێن بە زۆرەملی سەرپۆش لەسەربکەن لە بچوکترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن و وەکو هاوڵاتییەکی پەلە دووە تەماشا دەکرێن.

ئەمە یەکەم جار نییە کە کچانی هاندەر لە یاریگا وەرزشییەکانی ئێران دەستگیردەکرێن، لە هەموو شارەکانی ئێران ڕووداوی لەم بابەتە زۆر ڕوودەدات.

جێگای ئاماژەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەرهێنەرێکی ئێرانی بە ناوی جەعفەر پەناهی فیلمێکی بە ناوی “ئۆفساید” دەرهێنا، کە باسی لە کێشەی هاتوچۆی ژنان بۆ یاریگاکان دەکرد، ئەو فیلمە لە ساڵی ٢٠٠٦دا خەڵاتی ورچی زیوینی فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلینی درایە و جەعفەر پەناهیش ساڵی ٢٠٠٩دا پاش ئاڵۆزییەکانی تاران دەستگیرکرا و بە شەش ساڵ زیندان سزادرا و دوا ئازادبوونیشی بۆ هەمیشە لە دەرهێنانی فیلم لە ئێڕان بێبەشکرا.

س.ح

Leave A Reply