تەرمی ئەندام ئەنجومەنێکی شارەوانی دۆزرایەوە

شەممە, 28 ينا 2017 – 11:19 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانی شارۆچکەی سارا-ی سەربە شاری وان، دوای دیارنەمانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژنێک تەرمەکەی دۆزرایەوە.

دوای دیارنەمانی بۆماوەی هەشت ڕۆژ، شەوی ڕابردوو تەرمی بورهان ئۆزەڤلی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شارۆچکەی سارا لەسەر پشکی DBP ، لە شارۆچکەی مەرەشە دۆزرایەوە.

پاش ئەوەی لە ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگەدا بورهان ئۆزەڤلی بە ئۆتۆمبێلی خۆی چوبووە شارۆچکەی مەرەشێ، کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیاوە، لە ١٩ی هەمان مانگدا پەیوەندی بە خیزانەکەیەوە کردووە و پێی وتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ وان.

لە دوای ١٩-١وە، هیچ ئاگادارییەکی لەسەر نەبووە، تا درەنگانی شەوی ڕابردوو تەرمەکەی لە مەرەشێ لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.

لە کاتی دیارنەمانی ئۆزەڤلی-وە، چەندین جار بنەماڵەکەی سەردانی دەزگا ئەمنییەکانیان کردبوو، بەڵام لەو ڕووەو پۆلیس نەیتوانیبوو هیچ هەوڵێک بدات بۆ دۆزینەوەی ناوبراو.

تا ئێستا هیچ هۆکارێکی مردنی بورهان ئۆزەڤلی ئاشکرانەکراوە، بڕیارە پاش لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری، هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا بکرێت.

س.ح

Leave A Reply