تەڤگەری ئازادی: ڕیفراندۆم لەسەر دەستی ئەو هێزانە دەکەوێتە خزمەتی داگیرکەرانەوە

هەینی, 11 أغس 2017 – 11:31 

ڕۆژنیوز – دانا عومەر

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەبارەت بە ڕیفراندۆم و هەوڵوێستی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت، کە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە سەر دەستی ئەو هێزانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، دەکەوێتە خزمەتی داگیرکەرانەوە.

نزیکبوونەوەی 25 ئەیلول و لێدوانی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی ڕێفراندۆم، کاردانەوەی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، ڕۆژانە لە کەناڵە میدیاییەکانی بە چەندین شێواز باسی لێوە دەکرێت و شرۆڤەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت و لایەنە سیاسییەکان بیروڕاکانیان لەبارەی ریفراندۆمەوە دەخەنەڕوو.

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسەکەمان، پرسی ڕیفراندۆمی لە باشوری کوردستانی نرخاند، محەمەد عەبدوڵا دەڵێت کە ڕیفراندۆم بڕیارێک نییە کە لەلایەن بنەماڵەیەکەوە بدرێت، بەڵکو پێویستە لە کۆنگرەی نەتەوەییدا بخرێتە بەرباس و بڕیاری لە سەر بدرێت، چونکە پرسێکی وەها هەرچوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە، تایبەت نییە بە باشوری کوردستان بە تەنیا.

محەمەد عەبدوڵا بەمشێوەیە قسەکانی دەستپێکرد:”ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی لەم کاتەدا دەڵێین نا بۆ ڕیفراندۆم، بە گرنگی نابینین بۆ دۆزی کورد لە باشوری کوردستان یان هەر شوێنێکی کوردستان ڕیفراندۆم بەڕێوەبچێت، ئەگەر بۆ چارەسەری پرسەکان بگەڕێین لە باشوری کوردستان زۆر پرسی دیکەش دەبینین کە پێویستە چارەسەر بکرێن و خۆیان لە نەبوونی دیموکراسیدا دەبیننەوە، ئێستا هەندێک هێز و دەسەڵات بەتەمان ڕیفراندۆم بەڕێوەببەن، کە لە مێژووی خۆیاندا بێ متمانەییان دروست کردووە، خزمەتی داگیرکەرانیان کردووە، سیاسەتی تیرۆر و سەرکوتکردن و برسیکردنیان لە باشوری کوردستان بەڕێوە بردووە، لە کاتێکی وەهاشدا باسی ڕیفراندۆمکردن لەسەر دەستی ئەو هێزانە دەکەوێتە خزمەتی داگیرکەرانەوە، لەلایەکی دیکەشەوە پێمانوایە لە ئێستادا پێویستە هەڵوێستە نەتەوەییەکان پێش بخرێن، بەم شێوەیە دەتوانن بگەڕێین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی نەتەوەی کورد.

محەمەد عەبدوڵا بەمشێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا:” گریمان ئەنجامی ڕیفراندۆم بۆ پێکهێنانی دەوڵەت بێت، دەوڵەت سەربەخۆیی ناهێنێت، بەپێچەوانەوە لە دەوڵەتدا سیاسەتی سەرکوتکردن پێشدەکەوێت، دەوڵەت دیموکراسی ناهێنێت، جێگرەوەی ئەو سیستمە، سیستمی خۆبەرێوەبەری دیموکراتییە کە پێمانوایە هەموو پرسەکان چارەسەر دەکات، لەم قۆناغەدا پێشخستنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بە پێویست دەزانین، لەو دیویشەوە سیستمی بەڕێوەبەرایەتی باشوری کوردستان بۆخۆی دەوڵەتە، ئەگەر مەبەستیان لە دەوڵەت ئەوەیە کە دەست بگرن بە سەر ئەو ناوچانەدا کە ئێستا لە ژێر دەستیاندا نییە، قۆرخکردنی ئابوری خۆیان دەگەیەیننە ئەو ناوچانە، دەسەڵاتی پارتی بەشدارە لە فرۆشتنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروپشتی، پێمانوایە کە ئەوانە جارێکی دیکە نەک تەنیا شەنگال، بەڵکو هەموو ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لە سەرە بفرۆشرێن، دەشزانین کە بنەماڵەی بارزانی بە تەواوی لە خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیادان، مەترسی هەیە کە لە ئەگەری پێکهێنانی دەوڵەتدا هەموو دەسەڵاتەکانی کوردستان بدەنە دەست دەوڵەتی تورکیا، لە کۆتاییدا پێمانوایە دەسەڵاتێک کە نەیتوانیوە بیر لە خزمەتگوزارییە ئاساییەکان بۆ خەڵک بکاتەوە ناکرێت بڵێین دەتوانێت پرۆسەیەکی وەها گەورە بە تەندروست بەڕێوەببات”.

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی ئازادی وتیشی:”بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سایکس – بیکۆ دەبێت هەڵوێستێکی گشتیی نەتەوەیی هەبێت، بۆیە ئەمە پەیوەندیدارە، هەم بە باشور و هەم بە هەرسێ پارچەکەی دیکەی کوردستانەوە، ئێستا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزە، ڕەنگە بیانەوێت گورز لەو یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی نەتەوەی کورد بدەن بەو سیاسەتانە، ئێستا کە کورد پێویستە یەکدەنگی و یەکڕیزی دروست بکات، پارچەکردنی باشوری کوردستان لەم تەوژمە دەتوانێت زیانی گەورەی بەدوواوە بێت بۆ نەتەوەی کورد بە گشتی”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا:”گەلی کورد لە باشوری کوردستان زیاتر لە سەدەیەکە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدات، لە 1991دا بینیمان گەلەکەمان بڕیاری سەربەخۆییان دا، بەڵام دەسەڵاتی کوردی باوەشیان بە ملی حکومەتی عیراقیدا کردەوە، ئەو دەمەش کورد دەیتوانی سەربەخۆیی هەبێت، بەڵام دەچوون ڕێکدەکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، گەلی کورد لە باشوری کوردستان خاوەنی هەڵوێستە، ئەوانەی وا دژی ڕیفراندۆم دەوەستنەوە پلانەکانی بە شەفاف نازانن”.

ئەوەشی زیاد کرد، ئەوانەی ئێستا بانگەشەی ڕیفراندۆم دەکەن شەڕی داعشیان بە جدی نەکرد، بەپێچەوانەوە شەنگالیان فرۆشت بە داعش و هەڵوێستی نادروستیان هەبوو بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستاش لە باکور کە شارە کوردەکان وێران دەکرێن بێدەنگن لە بەرامبەریدا، بۆیە لە ئێستادا پرسی ڕیفراندۆم بە گرنگ نازانین و لە بەرامبەریدا کۆنفرانسی نەتەوەیی بە پێویست دەزانین، ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان دەبێت لە کۆنگرەی نەتەوەیی بڕیاری لە سەر بدرێت نەک لەلایەن بنەماڵەیەکەوە، لە مێژووشدا ئەو بنەماڵەیە لە زۆربەی کاتەکاندا بەربەست بوون بۆ چارەسەری پرسەکانی کورد.

لە کۆتاییدا وتی:”پڕۆژەیەکمان بە دەستەوەیە، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژەکەمان ڕابگەیەنین، ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراتییە لە خۆیدا، بەڵام لەم قۆناغەدا و لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە نە تەندروستە نە پێویستیشە”.

د.خ

Leave A Reply