لافاو زیانی بە ٤٠٠ گوندی سیستان و بەلوچستان گەیاندووە

دووشەممە, 13 ينا 2020 – 11:50  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران ماوەی سێ ڕۆژە ڕووبەڕووی لافاو بووەتەوە و زیانێکی زۆری بە خەڵکی هەژاری ئەو پارێزگایە گەیاندووە.

ئەحمەدعەلی موهبەتی، پارێزگاری سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاند، لافاو لە باشوری ئەم پارێزگایە ڕێگای ٥٠٠ گوندی پچڕاندبوو کە نزیکەی ١٠٠ گوند لە ئێستادا لە گەمارۆی لافاو ڕزگاریان بووە، بەڵام ٤٠٠ گوند هێشتا بەهۆی گەمارۆی لافاوەوە دابڕاون.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ڕاگەیاندنی مانگی سوری ئێرانی، لە ئەنجامی ئەو لافاوەدا تا ئیستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێن بووە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

حسێنعەلی شەهریاری، نوێنەری شاری زاهدان لە پەرلەمانی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لافاوەکە وێرانی و زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە گەڕەکەکانی قەراغی شاری زاهدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە دانیشتوانەکەی ٣٠٠ هەزار کەسن و لە توێژی هەژاری کۆمەڵگان و خانووەکانیان لە گڵ و دار دروستکراوە.

جێگەی ئاماژەیە، پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتەیە و دانیشتوانی ناوچەکانی سەرسنوور بەهۆی هەژاریی ڕەهاوە ناچارن بە سوختبەری (هاوشێوەی کۆڵبەری) بژیوی ژیانیان دابین بکەن کە ئەوانیش وەک کۆڵبەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لەسەر سنوورەکانی ئێران و پاکستان دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن.

ک.س

Leave A Reply