جگە لە هەنار هەڵەبجە ناوبانگێکی باشی لە درووستکردنی ڕووبەهەناردا هەیە

پێنجشەممە, 7 نوف 2019 – 07:41  ڕۆژنیوز – هەرێم قادر

ڕووبەهەنار لەوەرزی پاریزو كاتی هەنار ڕنیندا دەست بەدروستکردنی دەکرێت، ئەو هەنارانەی وردن یان لەبەر سەرما دەشكێت، خاوەنەكەی بەناچاری دەیكات بە ڕووبەهەنار، کە زۆرتر ڕووبەهەنار لەگەڵ برنج، زەڵاتە، ماسی و ترشیات بەكاردێت و دەخورێت، هەناری ترش باشترینە بۆ دروستکردنی ڕووبەهەنار و تامەكەی خۆشە، ئەوەشی لەهەڵەبجە دەكرێت یەکێکە لە جۆرە باش و سروشتییەکانی ڕووبەهەنار.

خاوەن باخەکانی هەنار، بۆ دروستکردنی ڕووبەهەنار سەرەتا ئەو هەنارانەی لە باخەکانیان لێیان کردوەتەوە دەیهێنن پاك دەیانشۆنەوە هەرچیەكی گەنیو بێت لادەببرێت، دواتر دەست بە تەکاندنی دەکرێت، ئاوەكەی لەسەر مەنجەڵی گەورەی ئاگر یان غاز دەكوڵێت، ماوەیەكی زۆری دەوێت تاخەست دەبێتەوە، بەهۆی قورسی کارەکەوە هەموو كەس ناتوانێت بیكات.

مەنجەڵێكی گەورە نزیكەی ٢٢ كیلۆ ڕووبەهەناری تێدا دروست دەکرێت، ئەگەر ئاگرەكەی زۆر بێت ماوەی ١٠ كاتژمێری پێدەچێت تاوەكو خەست دەبێتەوە و دەبێت بە ڕووبەهەنار، لەگەڵ ئەوەی بە ماندووبوونێکی زۆر دەکرێت بەڵام وەک جوتیاران دەڵێن: پارەی کەمیان بۆ دەکات و لە ئێستادا كیلۆی بە ١٠ هەزار دینارە.

بۆ دروستكردنی ڕووبەهەنار زیاتر ژنان پێوەی ماندوو دەبن و پیاوانیش هاوکارییان دەکەن، ئەو هەنارانەی لێدەكرێتەوە بەدار دەتەكێنرێت و ناوكەكەی دەردەهێنرێت، هەروەها لەكاتی خستنە سەر ئاگردا دەبێت بەردەوام کەسێک ئاگاداریبێت بۆ ئەوەی نەسوتێت، دروستكردنەكەشی زیاتر لەناو باخەكاندا دەکرێت.

مژدە ئەمین ژنێكی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و لە کاتی سەرقاڵبوونی بە دروستکردنی ڕووبەهەنار لە بارەی سوودەکانی ڕووبەهەنارەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز كرد و وتی: ڕووبەهەنار سودێكی زۆری هەیە زۆربەیی هاوڵاتیان بەخواردنە كوردەوارییەكانەوە دەیخۆن، بەڵام كاتی زۆری دەوێت و زۆر بەناڕەحەتی دروست دەكرێت، چونكە دەبێت پاكو خاوێن بیكەیت، هەناری گەنیوی تێدا نەبێت.

پیاوان لە دروستکردنی ڕووبەهەناردا ڕۆڵیان هەیە و لەو بارەیەوە والی عەلی، هاوڵاتیەكی دیكەی دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجەیە و وتی: كاتێك ئێمە هەنارەكە لێدەكەینەوە دواتر دەیهێنین جوان پاكی دەكەینەوە، ژنانیش دەی تەکێنن، ئێمەش لەم حەوزە بچوكەدا بەقاچ دەیشێلین ئاوی هەنارەكە دەگوشین، دواتریش دەیخەنە سەر ئاگر تا خەست دەبێتەوە.

وتیشی: ساڵانی ڕابردوو هەنار كەمبوو پارەی دەكرد، بەڵام ئەمساڵ هەنار زۆرە پارە ناكات، بەو هۆیەشەوە بەناچاری زیاتر خەڵك دەیكات بە ڕووبەهەنار.

ئەوەشی وت: کە ڕووبەهەنار دەتوانرێت بۆ چەندین ساڵ هەڵبگیرێت تێكناچێت، بەڵام لەوەرزێكدا پێدەگات خەڵك هەمووی دەواموكاری هەیە، خەڵک زۆر یارمەتی یەكتر نادات، جاران خەڵك ڕووبەهەناری بۆ فرۆشتن نەدەكرد، بەڵكو بۆخواردنی خۆی و دیاری زیاتر دەكرا.

وەفا عوسمان، ژنێكی دیكەی شاری هەڵەبجەیە و بۆ یارمەتیدانی ماڵە دراوسێكەیان هەناری دەتەكاند، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەپێی كاتی خۆمان دێین دادەنیشین لەگەڵ دراوسێكانماندا یارمەتیان دەدەین، چونكە یارمەتیدانی ئێمە بۆ ئەوان باشە و كارەكەیان باشتر دەڕوات، هەروەها كاتێكی خۆشیش بەسەر دەبەین، كارەكەش قورسە و پێویستی بە هاریکارییە.

لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە تەکاندنی هەنار جگە لەوەی بەدەست دەکرێت، چەند کارگەیەکی بچکۆلەی تایبەت بە تەکاندنی هەناریش کراوەتەوە لەو بارەیەوە وەفا هێمای بۆ ئەوەکرد کە ئەم جۆرەیان “بەدەست تەكاندن” زۆر پاكو خاوێنە، وەك ئەوەی ئێستا بەشێكی هاوڵاتیان دەیبەن بۆ كارگە دەیتەكێنن، دواتر ڕووبە هەنارەكەی تاڵ دەردەچێت، ئەمەی بەدەست دەتەکێنرێت زۆر بەتام و بەلەزەتە.

ک.س

Leave A Reply