دانیشتوانی بناری قەندیل، ڕایدەگەیەنن، وەڵامی کەجەکە بۆ خەڵکی قەندیل لەبارەی کشانەوەی سەرجەم ئەو هێزانەی لە زینی ئەستێرۆکان جێگیرکراون، نیشانەی ڕێزدانانە بۆ هاوڵاتیان و جێگەی پێزانینە.
۱۰ی ٥ی ئەمساڵ، کۆمەڵێک لە کەسایەتی و دانیشتوانی بناری قەندیل سەردانی سەرجەم هێزەکانیان کرد لە زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) و پێیان ڕاگەیاندن “ئێرە پێویستی بە هیچ هێزێک نییە و پێویستە سەرجەم هێزەکان لەو شوێنە بکشێنەوە و بارودۆخی زینی ئەستێرۆکان بگەڕێتەوە پێش بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.
دوێنێش هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، وەڵامی نامەکەی دانیشتووانی بناری قەندیلی دایەوە، بەڵام تا ئێستا یەنەکە و پەدەکە و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی نامەکەی دانیشتوانی قەندیلیان نەداوەتەوە.
کەجەکە لە وەڵامەکەیدا ڕایگەیاندبوو “داوای خەڵکی بناری قەندیل بۆ ئێمە فەرمانە و جێبەجێی دەکەین”.
سەلمان کۆچەری، لەسەر ناوی دانیشتووانی بناری قەندیل و یەکێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی کە بە نوێنەرایەتی گوندەکانی بناری قەندیل، سەردانی لایەنەکانیان کرد بوو، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، “مانگێک پێش ئێستا لەسەر دۆخی زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) نامەیەکمان ئاراستەی کەجەکە ( پەکەکە)، وەزارەتی پێشمەرگە و پارتی و یەکێتی کرد، جێگەی پێزانینە دوێنێ وەڵامی (کەجەکە) گەیشتە دەستمان بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە بۆ داوکاری گوندەکانی بناری قەندیل کەجەکە لە وەڵامدا دەڵێت “داوای خەڵکی بناری قەندیل بۆ ئێمە فەرمانە و جێبەجێی دەکەین.
وتیشی: ئێمە داوامان کردبوو هێزەکان زینی ئەستێرۆکان جێبهێڵن و بیانوو نەدەنە دەوڵەتی تورکیا لە نانەوەی ئاژاوە، وەڵامی کەجەکە ڕێزدانانە بۆ هاوڵاتیان و بە تایبەتی دانیشتووانی بناری قەندیل و کەجەکە درکی بەوە کردووە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئاڵۆزیی و دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لەو دەڤەرە دروست بکات، کە بێگومان ئەوەش ڕێگەنەدراوە.
دەقی نامەکەی دانیشتووانی بناری قەندیل کە ١٠-٥-٢٠٢٠ بۆ سەرجەم هێزەکانیان لە زینی ئەستێرۆکان ناردبوو:
بۆ سەرجەم ئەو هێزانەی لە زینی ئەستێرۆکان جێگیربوون
بابەت: کشاندنەوەی هێز لە زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ)
پەیامێک بۆ هەموو ئەو هێزانەی لە زینی ئەستێرۆکان جێگیربوون، هەڵقوڵاو لە خواست و ناڕەزایەتی جەماوەری و ڕای گشتی کوردستان و خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەت خەڵکی بناری قەندیل دوای وەرگرتن و تاوتوێکردنی سەرنج و بیروڕا جیاوازەکان، تەواوی ئامادەبووان لە سەر ئەوە کۆک بوون کە بوونی سەرجەم هێزە جیاوازەکان لەسەر زینی ئەستێرۆکان یا خود زینی وەرتێ زۆر ناپێویستە و بۆتە هۆی دروستبوونی مەترسی لە سەر ناوچەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی تری ناوخۆیی.
یەکەم: پێویستە سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەسەر زین پاشەکشە بکەن و بە زووترین کات بارودۆخی شوێنەکە هاوشێوەی بەر لە سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنا و هاتنی ئەو هێزە چەکدارانە ئاسایی بکرێتەوە.
دووهەم: ئەگەر خاڵی یەکەم جێبەجێ نەکرا ئەوا دانیشتوانی بناری قەندیل کۆک بوون لە سەر ئەوەی فشاری جەماوەری بەرفراوان بۆ سەر زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) ڕێکبخرێت و فشاری جەماوەری و مەدەنی هێزە چەکدارەکان ناچار بە پاشەکشە بکرێن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پارێزراوی ناوچەکە لە مەترسی هەر بەریەککەوتنێکی چەکداری و پیلانگێری دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکان.
ئێمە وەکو دانیشتوانی بناری قەندیل داوا دەکەین لە هەموو ئەو حزبە سیاسیانەی کوردستان کە خاوەنی هەزاران شەهیدن لە پێناو کوردستانی ئازاد و سەربەخۆ تێکۆشانیان کردووە ئێستاش ئەو بارودۆخە هەستیارە کە گەلی کورد تێیدا ژیان دەکات پێویستی بە یەکرێزی ناو ماڵی کورد هەیە، ئێوەی بەرێزانیش لە بەرامبەر دەستکەوتەکانی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانین و داوا دەکەین بە ئەرکی مێژوویی خۆتان هەستن.
لە کۆتایدا لە خەبات و تێکۆشانتان ڕێز دەگرین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ ڕێزدا: دانیشتوانی بناری قەندیل.
وەڵامی نامەی کەجەکە بۆ هاوڵاتیانی بناری قەندیل
ک.س
Comments are closed.