لە ڕانیە ساڵیادی شەهید زیلان بەرزڕاگیرا

ڕانیە

لە شارۆچکەی ڕانیە، شەهید زەینەب كناجی ناسراو بە “هەڤاڵ زیلان” بە ڕێزەوە بەبیرهێندرایەوە و كۆتا نامەی كە پێش چالاكییە گیانبازییەكەی نووسیبووی خوێندرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارۆچكەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان-ڕژاك، لە چالاكییەكدا شەهید زەینەب كناجی ناسراو بە هەڤاڵ زیلان بەبیرهێندرایەوە.

لە چالاکییەکەدا نامەی شەهید زیلان  لەلایەن ئاواز ئسماعیل ئەندامی ڕژاکەوە خوێندرایەوە، لە نامەکەدا نوسیبووی: مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە گەلی كورد گەلێكی قارەمان و خۆبەختە، سەرەڕای سیاسەتی نكۆڵی، قڕكردن، بەعەرەبكردن و تورككردن و فارسكردن، بە هەموو كەموكورتییەكانی خۆیەوە هەبوونی خۆی پاراستووە و لە مێژوودا نەسڕاوەتەوە، بەردەوام دەوڵەتە داگیركەرەكان وتوویانە تۆ مەگەر تورك بیت یان عەرەب و فارس بیت مافی مرۆڤبوون و ژیان و هاوڵاتیبوونت هەیە.

ئەوەش هاتبوو تێیدا، دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیش بە بێ‌ ڕاوەستان بیر لەوە دەکەنەوە كە چۆن و كەی و لە كوێ‌ لەپێناو بەرژەوەندی سیاسیی خۆیاندا كوردان وەك داشی دامە بەكار بهێنن و یارییەكەیان قازانج بكەن، توێژی سەردەستی كوردان، واتە بەكرێگیراوەكانی كوردانیش لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و بنەماڵەیی و تاكەكەسی خۆیاندا بەردەوام لە هەوڵی هەڕاج كردن و بازرگانیكردنن بە گەلی ڕەنجدەری كوردەوە.

هەروەها ئەوەش هاتبوو تێیدا، گەلی كورد لە ڕەوشێكدا كە نموونەی لە هیچ لایەكی جیهاندا و لە مێژوودا نەبینراوە، گەلێكی گۆشەگیركراو و تەنیایە و وەك تاوانبار و تێكدەر دەبینرێت‌، ئەم ڕەوشەش بەدرێژایی پێنج هەزار ساڵە هەیە و لەدژی ئەمە كوردان ئەوەندەی توانیویانە بەهەزار شەڕ و شۆڕ و كوشت و بڕین و كۆچبەركردن بەئێشێكی مەزنەوە تەنیا خۆیان پاراستووە و هاتوون هەتا سەدەی بیست و یەكەم.

ئاماژە بەوەش درابوو، منیش وەك كچێكی ئێوە نزیكی ١٠ ساڵە بە كەلتووری بەرخۆدانی كە لە ئێوەوە وەرمگرتووە و ئەو زانابوون و ئیرادەیەی كە لە سەرۆك ئاپۆ و پەکەکە و تەڤگەری ئازادی ژنی كوردەوە وەرمگرتووە، لە چیاكانی كوردستاندا لە هەوڵ و تێكۆشاندام بۆ ئازادی گەلی كورد و ژنی كورد و هەموو هەوڵ و هیوا و ئاواتێكم ئازادیی گەلی كوردی هەر چوارپارچەیە و دیموكراتیزەبوون و ئازادی زیهنییەتە لە باشووری كوردستاندا و دواییهێنان بە ئینتیحار و بێچارەیی و كۆیلایەتی ژن و ڕاكردنی گەنجان لە وڵاتی خۆیان و هەموو كێشە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە.

ئەوەش هاتبوو لە نامەکەیدا، لەسەر ئەم بنەمایەش ئەمڕۆ بە چالاكییەكی گیانبازی دەمەوێت‌ هەڵوێستی خۆم بۆ گرێدان بەم ئامانجەوە نیشان بدەم و پەیامێك بە ئێوەی هێژاش بگەیەنم ئەم چالاكییەی من وەك ئینتیحاری ئەو ژنانە نییە كە لە بێزاری و بێچارەییەوە سەرچاوەی گرتبێت‌، بەڵكو چالاكییە لەپێناو ئەشقی ژیان و پێشخستنی زیهنییەتی چالاكی ئازادیدایە و درێژەپێدەری نەریتی بەرخۆدانی ژنانی وەك “لەیلا قاسم و زیلان و سەما یوجە”كانە، چەند شاد دەبم بەوەی كە ئەم پەیام و چالاكییە بگاتە گوێی تەواوی گەلەكەم و تەواوی گەلی كورد و كەمێكیش بێت وزەیەك بدەمە تێكۆشان و جموجوڵێكی نوێ‌ لەنێو گەلی باشووری كوردستاندا.

لە کۆتایی نامەکەشدا ئاماژەی بەوەدا، وەك كادیرێكی ژنی باشووری كوردستان ڕەخنە لە خۆم دەگرم بەوەی كە وەک پێویست پێشەنگایەتییەكی بەهێزم ئەنجام نەدا و سەرۆك ئاپۆ و ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری ژن كە ئایدیۆلۆژیای شۆڕشی كۆمەڵایەتی باشوورە بە باشی پێم نەناساندن.

دواتر هەر لە مەڕاسیمەکەدا، سینەفزیۆنێك نمایش کرا لەبارەی ژیان و تێکۆشانی شەهید زیلان.

شەهید زەینەب كناجی ناسراو بە هەڤاڵ زیلان، لە وەڵامدانەوەی هێرشێكی تیرۆریستی بۆ سەر كامپی نیشتەجێبوونی ڕێبەر ئاپۆ، لە ڕۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٦، لەناو هێزێكی سەربازی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە دێرسیم، چالاكی گیانبازی ئەنجامدا.

ب.گ

Comments are closed.