بەهای قەرەبووی هەر سەرنشینێکی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئێران چەندە؟

یەكشەممە, 19 ينا 2020 – 10:06  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

پەیوەست بە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانەوە، جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕۆژی هەینی ڕابردوو بەڵێنیدا بە زووترین کات بڕی ١٩ هەزار دۆلار بدەنە کەسوکاری هەر سەرنشینێکی کەنەدی.

ترۆدۆ ئەم قەرەبووەی وەک هەنگاوی یەکەم لە خەرجی هێنانەوەی تەرمی سەرنشینەکان ڕاگەیاندو وتیشی، پێشبینی دەکەن ئێران قەرەبووی خێزانی قوربانیەکان بکاتەوە.

لەکۆی ئەو ٥٧ سەرنشینە کەنەدییەی لەناو فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا لە تاران ٨ی ئەم مانگە گیانیان لەدەستدا، ٢٩ کەسیان هەڵگری پاسپۆرتی هەمیشەیی ئەو وڵاتە بوون.

قەرەبووەکان چین؟

بەپێی دوو ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە قەرەبووی قوربانیانی ڕووداوی فڕۆکەکان، یەکێکیان بریتییە لە ڕێککەوتننامەی وارسۆ لە ڕێککەوتی ١٢-١٠-١٩٢٩ کە تێیدا کۆمپانیاکان ناچار بە قەرەبووی خێرایی کەسوکاری قوربانیان دەکات بەبێ هیچ هەنگاوێکی دوورودرێژی یاسایی و تایبەت.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، دەبێ کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە بڕی هەشت هەزارو ٣٠٠ دۆلار بۆ خێزانی هەر قوربانییەک دابین بکات.

هەرچی ڕێککەوتننامەی دووەمیشە بریتییە لە ڕێککەوتنی مۆنتریاڵ کە ساڵی ٢٠٠٣ دروستبوو، هەرچەندە هێشتا زۆربەی وڵاتان پەسەندیان نەکردووە، بەلام ١١٢ وڵات پابەندن پێیەوە، تیایدا ١٧٠ هەزار دۆلاری بۆ خێزانی هەر سەرنشینێک دیاریکردووە کە لە فڕۆکەدا گیان لەدەستبدات، لەگەڵ ئەوەشدا، دادگا بۆی نییە چیتر لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکە بکات.

ئێران لە کام لەو ڕێککەوتنانە بەشدارە؟

ئێران لە هیچ کامێکیان ئەندام نییە و واژۆی نەکردووە، بەڵام زیاتر مەیلی بەلای ڕێککەوتننامەی وارسۆ هەیە.

کار بە کام یاسا بکرێت؟

ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە وڵاتان یاسای تایبەت بە قەرەبووی قوربانیانی ناوخۆی وڵاتەکانیان هەیەو پسپۆڕانی یاساییش پێیانوایە، دەبێت ئێران پابەند بێت بە یاسای تایبەتی وڵاتان و بەوجۆرە قەرەبووی قوربانیەکان بکاتەوە، کە ئەو وڵاتانە دەیخوازن.

حکومەتی ئۆکرانیاش داوایکردووە، ئێران بە پێی یاسای مۆنتریاڵ قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە، تا ئێستاش پێنج وڵات داوای قەرەبوویان لە ئێران کردووە بۆ ئەو مەبەستە.

حکومەتی ئەمریکاش یاسای تایبەت بە خۆی هەیە بۆ قەرەبووی هەر قوربانییەکی ناو فڕۆکەو کە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە، بەڵام لە بەرازیل بۆ هەر سەرنشینێک دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە، وڵاتانی ئەوروپاش بڕی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلاریان بۆ هەر قوربانییەکی ناو فڕۆکە دیاریکردووە، حکومەتی چینیش ٥٠٠ هەزار دۆلاری دیاریکردووە.

ڕووداوی فڕۆکە لە ئێران

هەرچەندە هێشتا بڕی ئەو قەرەبووە نەزانراوە کە پێویستە ئێران بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دابینی بکات، لە کاتێکدا ڕووداوەکە لەسەر دەستی حکومەت و بە ئاشكرا ئەنجام دراوە.

لە ٣ی مانگی ٧ی ساڵی ١٩٨٨ فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێران لە ڕێگەی تاران – دوبەی بە مووشەکی ئەمریکا لە بەندەر عەباس تێکشکێنراو بە ٢٩٠ سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە.

دوای چەند ساڵێک لە مشتوومڕی یاسایی، حکومەتی ئەمریکا ناچار کرا بە قەرەبووی قوربانیانی فڕۆکەکە کە بڕەکەی ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئامادەنەبوو نە داوای لێبوردن بکات و نە هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و تاوانی لە ڕووداوەکە هەڵگرێت.

ئێران و بۆینگ لە دۆسیەکەدا

کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی کە هیچ دەستێکی نەبوو لە ڕووداوەکەدا، تەنها لەبەرئەوەی فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای فڕۆکەوانی خۆی بوو لە جۆری ٧٣٧ ماکس، بڕیاریدا بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی قوربانیانی ڕووداوەکەی ئێران بکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی باڵای ئێران چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە خەمڵاندنیان بۆ بڕی قەرەبووەکە کردو بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار مەزەندەیان کرد.

جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، لە بەرەبەیاندا سوپای پاسداران بە دوو مووشەک فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بە ١٧٦ سەرنشینەوە خستەخوارەوەو سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.

س.ح

Leave A Reply