پەرلەمانتارێك مەترسی لەسەر ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات

چوؤرشەممە, 22 مار 2017 – 13:53 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

لەڕۆژی جیهانی ئاودا، پەرلەمانتارێك مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە هەرێمی كوردستان خاوەنی 35 ملیار مەتر سێجا ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوییە، بەڵام بەهۆی بێ‌ پلانیەوە نەتوانراوە ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان و كشتوكاڵ دابین بكرێت.

رۆژی ٢٢ی ئازار كە بەڕۆژی جیهانی ئاو دیاریكراوە، عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ وئاژەڵداری وئاودێری و بەنداوەكان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردوەتەوە بەوردی مەترسییەكانی سەر ئاوی هەرێمی كوردستانی خستوەتەڕوو.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە:”هەرچەندە هەرێمی كوردستان خاوەنی 30 ملیار مەتر سێجا ئاوی سەر زەویە و خاوەنی 5 ملیار مەتر سێجا ئاوی ژێر زەوییە، ئەم بڕە زۆر زیاتر لە ئاوی وڵاتانی ئیسرائیل و عەربستانی سعودیە، ئوردن، پێداویستی هەرێمی كوردستان بۆ هەرساڵێك 8 ملیار مەتر سێجایە، كە ئەو ئاوەی كە هەیە 4 جار زیاترە لە پێداویستی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیدارەیەكی باش نەتوانراوە ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت، هەروەها زەوییە كشتوكاڵیەکانمان بكرێتە بەراو.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە:”هەرێمی كوردستان خاوەنی 17 بەنداوە بۆ گلدانەی ئاو كە سێ‌ دانەیان بەنداوی سەردەمی ڕژێمی پێشوون بریتین لە بەنداوەكانی (دوكان، دەربەنیخان، دهۆك) كەتوانای گلدانەوەی10ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، دەشلێت كە 10 بەنداوی تر لەبواری جێبەجێكردندان، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەكراون.

ئەو پەرلەمانتارانە دەشڵێت:”ئەو بەنداوانەی كە دروست دەكرێن بچوكن و توانای گلدانەوەی ئاوی پێویستیان نییە، چونكە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی توانای پاراستنی ئاسایشی ئاوی خۆی هەبێت، پێویستی بە 350 بەنداو هەیە.

لەلایەكی ترەوە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەرچەندە هەرێمی كوردستان خاوەنی30 ملیار مەتر سێجا ئاوی سەر زەوییە، بەڵام زۆربەی ئەم ئاوانە لە ڕۆژهەڵات و باكوری كوردستانەوە دەڕژێنە باشوری كوردستان، كە لەئێستادا لەلایەن ولاتانی ئێران و توركیاوە ئیدارە دەكرێن، وە ئەو دوو وڵاتەش پابەند نین بە ڕێكەوتننامە جیهانییەكانی بواری ئاوی سەرزەویەوە، لەنێوان ئەو وڵاتانەی كە ڕووباری هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە.

عەبدولڕەحمان عەلی وتوشیەتی لە ئێستادا وڵاتی توركیا خەریكی بەڕێوبردنی پڕۆژەیەكە بەناوی پڕۆژەی گاپ، كە پڕۆژەكە بریتیە لە دروستكردنی 22 بەنداو كە 14 بەنداویان لەسەر ڕوباری دیجلە-ن و 8 بەنداویشیان لەسەر ڕوباری فورات-ن، لەلایەی تریشەوە وڵاتی ئێران بێجگە لە دروستكردنی بەنداو لەسەر ئەو ڕوبارانەی دەڕژێنە هەرێمی كوردستان، خەریكی لێدانی تونێلە بۆ گۆڕینی ڕێچكەی ئاوی سیروان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە ڕێژەی ئاوی سیروان کەم بکات، بەتەواو بوونی ئەو پڕۆژانەی ئێران ڕێژەی ئاوی سەر زەوی لە هەرێمی كوردستان بەڕیژەی 7% كەم دەكات.

عەبدولڕەحمان عەلی دەڵێت: “هەرچەندە حكومەتی عێراق ئیدانەی ئەو كارانەی دەوڵەتی توركیا و ئێرانی كردووە، چونكە ئەو كارانە كاریگەری لەسەر ئاوی سەر زەوی ناوەڕاست و خواروی عێراقیش دەبێت، بەڵام هەدوو وڵات گوێ‌ بە نیگەرانیەكانی عێراق نادەن، وە ئامادەش نین دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكەن لەسەر ئەو بابەتە، ئەمیش بەهۆی لاوازی حكومەتی عێراق و كێشە ناوخۆییەكانی عێراقەوەیە”.

لەكۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا عەبدولڕەحمان عەلی وتویەتی: “بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسی كەمی ئاو نەبینەوە، پێویستە بەزوویی یاسای پاراستنی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی بۆ بكرێت، هەروەها پێویستە سندوقی داهاتی نەوت و گاز كە بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و بەشێك لەو داهاتە بۆ ڕێكخستی كەرتی ئاو دابین بكرێت، پێویستە ڕێگری لە دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بکرێت بە شێوەیەكی هەڕەمەكی، چونكە بەپێی ئامارەكان 67% ئەو ئاوەی لەژێر زەوی دەرهێنراون بەفیڕۆ چوون، پێویستە كاربكرێت بۆ پاك کردنەوە و بەكارهێنانەوەی ئاوی بەكارهاتووی ماڵان و شوێنە پیسەسازییەكان، دەشڵێت: پێویستە لە وەرزی هاویندا بەردانەوەی ئاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق سنوردار بكرێت، چونكە ئەوان داوای بەردانەوەی ئاوی زۆر دەكەن، لەكاتێكدا فشاری كەم دەكەن لەسەر وڵاتی توركیا و ئێران، بۆ گرتنەوەی ئاوی سەرچاوە ئاوییەكان.

د.خ

Leave A Reply