مەترسی پیسبوونی ژینگەی ژمارەیەك گەڕەكی دەربەندیخان دەکرێت

یەكشەممە, 2 أبر 2017 – 08:45 

ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار

چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنی ڕایدەگەیەنێت، هەبوونی ژمارەیەك كارگە لەنێو گەڕەكەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان، مەترسین بۆ پیسبوونی ژینگەی ئەو گەڕەكانە بە تایبەتی و دەربەندیخان بە گشتی، ئەگەر كار بۆ لابردنیان نەكرێت ئەوا دەبنە مەترسی بۆ سەر دانیشتوانی ئەو گەڕەكانە.

گەڕەكی پیشەسازی شارۆچکەی دەربەندیخان، ژماریەك كارگەی بەردهاڕینی تێدایە، ژینگەپارێزانیش پێیانوایە زیانی زۆر بە ژینگەی ئەو گەڕەكە و دەوروبەری دەگەیەنێت.

هاوكار قادر، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی و دانیشتوی شارۆچكەی دەربەندیخان بە ڕۆژنیوزی وت: لە سنوری شارۆچكەی دەربەندیخان ژمارەیەك كارگەی جۆراوجۆر هەن تایبەتن بە (گەچ و بەرد هاڕین) بەردەوام ئەم كارگانە دوكەڵ و تۆزەكەیان بوەتە هۆی مەترسی بۆ پیسبوونی ژینگەی ناوچەكە.

هاوكار قادر وتیشی: ئێستا ژمارەیەك كارگەی بەردهاڕین لەنێو گەڕەكی پیشەسازی هەیە كە دەكەوێتە بەشی باشوری شارۆچكەی دەربەندیخانەوە، دوكەڵ و تۆزی ئەم كارگانە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە و گەڕەكەكان دەوروبەری بە تەواوی بێزار كردووە و بەردەوام ئاسمانی سەر ئەم گەڕەكانە پڕە دوكەڵ و تۆزوخۆڵی ئەو کارگانە.

چالاكوانەكە ئاماژەی بەوەش دا، چەند جارێك داوامان لە لایەنە ئیدارییەكانی شارۆچكەكە كردوە كە ئەو كارگانە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی شارۆچكەكە، چونكە خەڵكی بیزار كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ نەكراوە و ئەو كارگانەش بێ گوێدانە هیچ شتێك، خەریكی كاركردنی خۆیانن و ئەسڵەن بیریان لەوەش نەكردوەتەوە كە ئەو تەپ و تۆزەی كارگەكانیان خەڵكی بێزار دەکات.

ئاسۆ عەلی، ژینگە پارێز و دانیشتوی شارۆچكەی دەربەندیخان بۆ ڕۆژنیوز وتی: دیارە كاركردنی ئەو كارگانەی، كە كارگەی بەردهاڕین و گەچن، لە نزیك شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی شارۆچكەی دەربەندیخانە، كاریگەرییەكی خراپیان لەسەر ژینگەی دەربەندیخان بەگشتی و ئەو گەڕەكانە بە تایبەتی دروستکردوە، بە جۆرێك دەتوانین بڵێین كاركردنی ئەو كارگانە بە هۆكارێكی سەرەكی بۆ پیسبونی ژینگەی دەربەندیخان دادەنرێن.

ئاسۆ عەلی وتیشی: بەردەوام ئێمە وەك ڕێكخراوی سروشتی كوردستان لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لە زیانەكانی كاركردنی ئەو كارگانە ئاگادار كردۆتەوە، داواكاریمان بۆ دورخستنەوەی ئەو كارگانە پێشكەش كردون، بەڵام بە داخەوە دەتوانم بڵێم لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوەكو ئێستا كەمتەرخەم بوونە لە چارەسەركردنی ئەو گرفتە ژینگەییەدا، هەر بۆیە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

د.خ

Leave A Reply