ڕێکخراوێکی ژینگەپارێز ژمارەیەک ورچ لە چیایەکی باشوور بەڕەڵڵا دەکات

شەممە, 8 أبر 2017 – 19:09 

رۆژنیوز- زاهیر ئیبراهیم

رێکخراوێکی ژینگەپارێز، شەش ورچی لە چیای کۆدۆی ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر بەڕەڵڵا کرد، سەرۆكی ئەو رێكخراوەش رایدەگەینێت، مەبەستمان لە بردن و بەڕەڵڵاكردنی ئەو ورچانە لە دەڤەری باڵەكایەتی، بۆ گرنگی دانە بە ناشناڵ پاركی هەڵگوردی سەكران.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە چیای كۆدۆی سنوری شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، رێكخراوی هاوكاری كوردی ئەمریكی، بە ئامادەبوونی چالاكوان و رێكخراوەكانی ژینگەییەكان، 6 ورچی بەڕەڵلا کرد.

لە مەراسیمی بەڕەڵڵاكردنی ورچەكان لە بارەی چالاكیەكەوە بڵند بریفكانی سەرۆكی رێكخراوی هاوكاری كوردی ئەمریكی بۆ رۆژنیوز وتی:”سێ پەیاممان هەیە لەم چالاكییەدا کە گرنگترینیتن ئەوەیە كە شوێنی ژیانی ورچ لە چیاو دۆڵەكانە نەك شار و باخچەی ئاژەڵان”.

سەرۆكی ئەو رێكخراوە وتیشی: “بە پێویستمان زانی لە رێگای ئەم چالاكییەوە ئەوپەیامە بەحكومەتی هەرێم بدەین كە پێویستە گرنگی زۆر بە پرۆژەی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران بدرێت، وەك دەزانن یەكێك لە گەورەترین ناشناڵ پارەكە لە هەموو جیهان .”

بڵند بریفكانی راشیگەیاند: “چیای هەڵگورد و كۆدۆ كە چیای زۆر تایبەتمەند و جیاوازن، پێویستە لەرووی ژینگەوە گرنگی زیاتری پێدرێت، پەیامی تریشمان ئەوەیە لەم چالاكییەدا ئێش و ئازاری ئاژەڵ بەهەموولایەك بگەینین”.

جێی باسە چیای كۆدۆ لە دەڤەری باڵەكایەتی و چیای هەڵگورد پرۆژەی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران پێك دێنن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە یەكێك لە گەورەترین ناشناڵ پاركەكانی جیهان دەست نیشان كرا، بە پێی توێژینەوەكانیش ئاژەڵ و باڵندەی جیاجیای تێدا دەژیت.

د.خ

Leave A Reply