ماملێ … دەنگ و سەدایەكی هەمیشە زیندویى نیشتمان

محەمەدی ماملێ ناوی تەواوی، محەمەدی کوڕی میرزا سەعید کوڕی مام مستەفا کوڕی میرزا علی (ناسراو بە مام علی)ە، لە ساڵی ١٩٢٥ له بنەماڵەیەكی هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە شاری مهاباد لە دایكبووە.

ناوی ماملێ بەهۆی هەڵەیەك لەکاتی تۆمارکردنی ناوی دانیشتوانی ناوچەی  موکریان بۆیان ماوەتەوە، کاتێك ناوی مام عەلی بە ماملێ تۆمار دەکرێت، ئەوەش بووەتە ناسناوی ئەو بنەماڵەیە.

هەر‌چەند خانەوادای ماملێ چەندین هونەرمەند و دەنگخۆشیان تێدابووە، بەڵام بەراورد بە بنەماڵەکەی، محەمەدی ماملێ جیاوازتر دەركەوتووە و لەدوای میرزا سەعیدی باوكی و میرزا حسێنی برای، ماملێ توانی وەك نوێنەری هونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ، برەو بە مەقام و گۆرانیی كوردیی بدات.

ساڵی ١٩٣٨ ماملێ یەکەم گۆرانی بەناوی (ڕۆیی بە جێی هێشتم) تۆمارکردووە و خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ بەرهەمە، لەو ژمارەیە نزیكەی ٣٠٠ تا ٣٢٠ گۆرانی داهێندراوی خۆیەتی، کە سەرجەمیان لە كتێبی (یادی بەخێر)دا تۆمار كراون، چەندین گۆرانی فۆلکلۆریشی بەشێوازی تایبەت بەخۆی وتووەتەوە.

ماملێ، هۆنراوەی شاعیرانی وەك، گۆران، هێمن، وەفایی، هەژاری هەڵبژاردووە و بەنموونە گۆرانی (ئامینێ سورە گوڵ)ی بۆ خۆشەویستی و عەشقی ئامینەی هاوسەری وتووە.

زۆر سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی محەمەد ماملێ بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە. گە پشتڕاستى دەکەنەوە ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بوو و هیچ کات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان بەدوور نەگرتووە.

ماملێ چەندین جار لە لایەن ڕژێمی پێشووی ئێران زیندانیکرابوو، زۆرینەی سەرچاوەکان تەنیا باسی زیندانی ورمێ دەکەن، بەڵام ئەو لە شاری مەهابادیش زیندانی دیبوو.

جەعفەر ماملێی برای لە بیرەوەرییەکانیدا باسی لەوەکردووە، پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، ماملێ بەتاوانی شاردنەوەی ئاڵایەکی کوردستان زیندانی کرا و نەیهێشت بکەوێتە دەستی ڕژیمی ئێران.

ماملێ لە ساڵی ١٩٩٤ دوایین گۆرانی تۆمارکرد، بەڵام دواتر تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوو و پاش پێنج ساڵ ملمڵانێ لەگەڵ نەخۆشى لە ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٩، لە مهاباد ماڵئاوایی لەژیان کرد و هەر لەوێش بەخاک سپێردرا.

ئ.م

Comments are closed.