چالاکوانانی قەڵادزێ: کەجەکە بۆ هەموو دونیای سەلماند لەگەڵ ئاشتى و پێکەوەژیانە

قەڵادزێ

بەشێک لە چالاکوانانی شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، هەڵوێستی کەجەکە و ڕاگرتنى شەڕ بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیاوە، بە کارێکی ئینسانی و ئەخلاقی لە قەڵەم دەدەن و دەڵێن: ئەو کارە مرۆڤدۆستییە هەر لە پەکەکە دەوەشێتەوە.

ڕۆژی ١٠ی هەمان مانگ جەمیل بایک هاوسەرۆکى کەجەکە ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە جگە لە دەربڕینی هاوخەمی و پشتیوانى بۆ قوربانیان و لێقەوماوانى بومەلەرزەکە هاوکات بڕیاری سەرجەم چالاکییەکانیدا بەهۆی ئەو بومەلەرەزەیە، ڕاشیگەیاند، ئەوان هیچ چالاکییەک ناکەن و تەنیا لەدۆخی بەرگرییدا دەمێننەوە.

ئەم بڕیارەی کەجەکە کاردانەوەى زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لەسەر ئاستی جیاوازی کۆمەڵگەى باشوری کوردستان پێشوازی لێکرا، هەر لەو چوارچێوەیەدا بەشێک لە چالاکوانانى شارۆچکەی قەڵادزێ، بڕیارەکە بە بەرپرسیارانەو شۆڕشگێڕانە لەقەڵەم دەدەن.

عەبدولقادر ئەحمەد

عەبدولقادر ئەحمەد، چالاکوانێکی شارۆچکەی قەڵادزێیە و دەڵێت: کارێکی ئینسانی و ئەخلاقیە، ئەگەر دەوڵەتی تورک وەها بارودۆخێکی بۆ بڕخسایە وەک ئەوەی کە لە تورکیا ڕوویدا، دووبەرامبەر زیانی بەگەلی کورد دەگەیاند، بەڵام کەجەکە بۆ هەموو دونیای سەلماند کە خەباتگێڕ و ئاشتی خوازە و داوای بەیەکەوە ژیان دەکەن.

ئەو چالاکوانە ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئەوەی کەجەکە بەهۆی زەرەر و زیانەکانی بومەلەرزەکەی باكووری كوردستان و توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سوریاوە ڕوویدا، شەڕی ڕاگرتووە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەر بەردەوامە لەسەر کارە قێزەون و دڕندەکانی و تەنانەت بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە دژی گەلی کورد کە تەنیا ئامانجی لە ناوبردنی گەلی کوردە.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی مانگی ڕابردوو، چەند بوومەلەرزەیەك كە بەهێزترینیان ٧.٨ پلەی بە پێوەری ڕێختەر بوو باکوری کوردستان و تورکیاو رۆژئاوای کوردستان و سوریای، بووە هۆی گیان لەدەستدانى زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسی دیکەش بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لەو ڕۆژەوەى کەجەکە بڕیاری ڕاگرتنى شەڕی داوە، دەوڵەتی تورک لە بری ئاوڕدانەوە لە قوربانیان و خۆ تەرخانکردن بۆ بەدەمەوەچوونى لێقەوماوان و پەلەکردن لە دەرهێنانى قوربانییەکان لەژێر داروپەردووی بینا ڕووخاوەکاندا خەریکى لەناوبردنى گەلی کوردە، بەڵکو چەکی قەدەغەکراویش لەدژی گەریلاکانى پەکەکە بەکاردەهێنێت.

عەلی قادر

عەلی قادر، جالاکوانێکی تری قەڵادزێیە و دەربارەی ئاگر بەستی کەجەکە باس لەوە دەکات، هەڵوێستی کەجەکە هەڵوێستێکی ئینسانی و ئەخلاقی و شۆڕشگێڕییە و سیستمی کەجەکە ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانە، بەڵام ئەوە ڕژێمی فاشیستی تورکیایە کە ڕەگەز پەرستانە مامەڵە لەگەڵ گەلی کورد دەکات.

لەگەڵ ئەوەی کەجەکە بەردەوام ئاگربەست ڕادەگەیەنێت، بەڵام دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ڕەگەز پەرستانە لەگەڵ ئەو شۆڕشگێڕانەو گەلی کورد هەڵسوکەوت دەکات عەلی قادر وای وت.

 

ئەوچالاکوانە دەشڵێت، بەدرێژایی مێژوو پەکەکە بەردەوام دەستپێشخەر بووە بۆ ڕێگای ئاشتی و چەندین جارئاگربەستی ڕاگەیاندووە، هەموو جارێکیش دەوڵەتی فاشستی تورکیا ئاگر بەستی شاکاندووە، چونکە سیستمی دەسەڵاتدارێتی تورکیا لەسەر شەڕ بنیات نراوە نەک ئاشتی و پێکەوە ژیان .

هـ.ح

Comments are closed.