فاشیستەکانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر ئامەد سپۆرت

ناوەندی هەواڵەکان

تورکە فاشیستەکانی هاندەری بورسا سپۆرت لەناو یاریگادا، بە وتنەوەی دروشمی فاشیستانە، هێرشیان کردە سەر یاریزانانی ئامەد سپۆرت و دەنگی تەقە لەناو یاریگاکەدا بیستراوە، بەگوێرەی زانیارییەکان گۆڵپارێزی ئامەد سپۆرت برینداربووە.

وابڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری بورسای تورکیا، هەردوو تیپی تۆپی پێی ئامەد سپۆرت و بورسا سپۆرت، لە ٢٣مین هەفتەی خولی دووەمینی لیگای سپی کاتژمێر ٠٢:٠٠ی پاش نیوەڕۆ پێکەوە یاری بکەن، بەڵام لەناو یاریگادا هێرشکرایە سەر یاریزانانی ئامەد سپۆرت لەلایەن فاشیستەکانەوە.

شەوی ڕابردوو تورکە فاشیستەکانی هاندەری بورسا سپۆرت، هەڵیان کوتایە سەر شوێنی مانەوەی یاریزانانی ئامەد سپۆرت و ئەمڕۆش پێش دەستپێکردنی یارییەکە، جارێکیتر لەناو یاریگا هێرشیان کردەوە سەر یاریزانانی ئامەد سپۆرت.

فاشیستەکان لەناو یاریگادا لەکاتی هێرشەکەدا وێنەی ئەو ڕێبەرە تورکە فاشیستانەیان بەرز کردووەتەوە، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە کۆمەڵکوژکردنی کوردە وڵاتپارێزەکان، هەروەها دروشمی “کێ دەڵێت تورکم بەختەوەرە” یان دەوتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لەکاتی هێرشەکەدا دەنگی تەقە بیستراوە و بەهۆی ئەو هێرشەوە یارییەکە ڕاوەستاوە.

ئامەد سپۆرت لەسەر توێتەری فەرمی خۆی دیمەنی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و زانیارییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

هـ.ح

 

 

Comments are closed.