ڕێحان لۆقۆ: بە یەکگرتوویی ژنان کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین

سیما ڕەزا

ڕێحان لۆقۆ باس لە هۆکارەکانی بەئامانج گرتنی ژنانی پێشەنگ دەکات و دەڵێت: هەتا ئاستی ژن بەرەو پێش بچێت، هێرش لەسەر دەسکەوتەکانی ژن و شۆڕشەکانیان زیاتر دەبێت، بەڵام بە یەکگرتوویی ژنان کۆتایی بە داگیرکەری دەهێنین و جیهانێکی دیموکرات و یەکسان بۆ هەمووان دورست دەکەین.

چەندان جار و لە زۆرێک شوێن دەبینرێت ئەو ژنانەی شۆڕشی فکری  دەکەن و کار بۆ بەرەو پێشبردنی دۆزی ژن دەکەن، لە کردە تیرۆرییەکاندا دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن، ڕێحان لۆقۆ، وتەبێژی گشتی کۆنگرە ستار ئاماژە بەو  هۆکارانە دەدات و ئاستی شۆڕشگێڕێتی و تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژنیوز دەخاتەڕوو.

 ڕێحان لۆقۆ وتەبێژی گشتی کۆنگرەستاردەڵێت: ئەوکاتەی ڕژێمی بەعس زوڵم و ستەمی لەسەر ژنان پەیڕەو دەکرد، لەبەرامبەر ئەو زوڵمەدا ڕێکخراوی ژنانی کۆنگرەستار دروستکرا، ئەو ڕێکخراوەش بە شێوەیەکی شاراوە  بوو بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بگەیەنێتە ژنان، بەڕێکخستنیان بکات و پەروەردەیان بکات، پەرە بە ئاستی خەباتیان بدات، ئیرادەیان بۆ دروست بکات، وایان لێبکات بۆ ناسنامە و هەبوونی خۆیان تێکۆشانی گەورە ئەنجام بدەن.

وتیشی: لە ٢٠٠٥دا ئەو ڕێکخراوە سەردانی ماڵ بەماڵی دەکرد، ژنانی گەنج و دیکان و منداڵەکانی پەروەردە و بەڕێکخستن دەکرد، تروسکەی ئەم ڕێکخستنەش لە ١٩ی تەمموز لە کۆبانێ دەرکەوت، ئەوکاتەی شۆڕش دەستی پێکرد ژن پەروەردە کرابوون بناغەیەکیان هەبوو، لەبەر ئەوە ئەمجارە وتنەکان پێچەوانە بوونەوە، ژنان بەشداری شۆڕشیان نەدەکرد، بەڵکو خۆیان شۆڕشیان دروست کرد.

ئەم وتەبێژە سەبارەت بە ئاستی بەرەو پێشچوونی ژنان وتی: دەنینین ژنان توانیویانە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن بەشداربن لە بەڕێوبردندا، هەر لە کۆمینەوە هەتا دەستە و ئەنجومەن، کۆمیتە، شارەکان و تەواوی بوارەکانی ژیاندا چ دیبلۆماسی، سیاسی، پەروەردە، کلتور، ڕاگەیاندن، ئابووری، پاراستن ژنان تێیاندا بەڕێوبەرن.

ڕێحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەشدا، تادێت تێکۆشانی ژنان بەرفراوان دەبێت، بەپێشەنگایەتی ژنانی کورد، ژنانی عەرەب و تورکمان و چەرکەز و تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکە پەرەوەردە و بەڕێکخستن کران، ئێستا ژنان بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان بەرخۆدانێکی گەورە دەکەن، ئەمەش بەرهەمی شۆڕشی دەیان ساڵەی پەرەوەردەی فکری ڕێبەر ئاپۆیە لە ڕۆژئاوا.

باسی لەوەشکرد، هەتا ئاستی تێکۆشان زیاتر ببێت و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات ببێتە نمونە بۆ هەموو جیهان، هەتا شۆڕشی ژن و دورشمی ” ژن، ژیان، ئازادیی” زیاتر ببێتە جیهانیی، “هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر دەبێت”، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ژنانی پێشەنگ و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە زیاتر دەبێت.

ڕێحان لۆقۆ، بۆ بەئامانج گرتنی ژنانی پێشەنگ نمونەی هەڤرین خەلەف و زەهرا بەرکەل  زەینەب سەرۆخانی هێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو ژنانە لەسەر پێشەنگبوون و شۆڕش، تێکۆشان بۆ ئازادی وڵات و ژنان، هەوڵدان بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی دیموکرات و بەڕێخستنکردنی ژنان، لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بە ئامانج گیراون و شەهید کراون.

وتیشی: نەک تەنیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکوو لە باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانیش، هەتا ئاستی ژن بەرەو پێش بچێت، هێرش لەسەر دەسکەوتەکانی ژن و شۆڕشەکانیان زیاتر دەبێت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە هەتا کۆتایی تێکۆشانی گەورە بکەین، بۆئەوەی بەیەکگرتوویی ژنان  کۆتایی بە داگیرکەری و سیستەمی باوک سالاری و سەرمایەداری، بهێنین و جیهانێکی دیموکرات و یەکسان بۆ هەموو لایەک دورست بکەین.

ش. ئـ

Comments are closed.