حەوت پارتی سیاسی داوای کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا دەکەن

ناوەندی هەواڵەکان:

ژمارەیەک پارت و هێزی سیاسی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکەی نەورۆزی جندرێس کرد و داوای لێکۆڵینەوەیان لە کۆمەڵکوژییەکە و کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا کرد.

حەوت حزب و هێزی سیاسی لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمەڵکوژییەکەی نەورۆزی جندرێس-یان شەرمەزارکرد و سەرەخۆشییان لە بنەماڵة و کەسوکاری قوربانییەکان کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمەڵکوژییەکەی نەورۆز لە جندرێس بەڵگەیەکی دیکەی پێشێلکارییە لە ناوچە داگیرکراوەکان، کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای ناڕاست ئەنجامی دەدەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە کرا و داوا لە پێکهاتەکانی گەلی سوریایش کراوە، کە خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجام بدەن.

لە ڕاگەیاندراوی ئەو حیزب و لایەنانەدا داوای ئەم خاڵانەی خوارەوە کراوە:

١ – داوا لە کۆمکاری عەرەبی دەکەین، کە بە ئەرکی خۆی هەستێت، کۆمەڵکوژییەکە بخاتە بەرنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی خۆیەوە. هەروەها ڕێگری لەو ڕێکخراو و دەزگایانە بکرێت، کە لەلایەن دەوڵەتی تورک داگیرکەرەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی سوریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان دەکەن.

٢ – پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و بێگەرد لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییەوە ئەنجام بدات، بکوژان و ئەو کەسانەی دەستیان لەو کۆمەڵکوژیەدا هەیە بدرێنە دادگا.
٣ – پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیاریەتی خۆی بەجێبهێنێت و دەوڵەتی تورک ناچار بکات کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە ناوچەکانی سوریا بهێنێت.

٤ – بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی خەڵکی عەفرین بۆ گوند و شارۆچکەکانیان، پێویستە کار بۆ هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی ئەو پلانانە بکرێت، کە کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی و هەموو ناوچە داگیرکراوەکان دەکەن.

ئەو حیزب و لایەنانە داوایان لە گەلی سوریا و هەموو هێزە وڵاتپارێزەکان کرد، کە جەژنی نەورۆز بە جەژنێکی نیشتمانی و سوری بزانن.

ئەو لایەنانەی ڕاگەیاندراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە بریتین لە:
– پارتی سەرەتا سوریا
– بزووتنەوەی گۆڕانی دیموکراتیک (دەستەی تەنسیق)
– شەپۆلی گۆڕان و ئاشتی
– بزووتنەوەی چاکسازی – سوریا
– بەرەی نیشتمانیی سوریا
– پارتی نیشتمانیی کۆمەڵایەتی
– پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە).

Comments are closed.