دوکاندارێک تەمەنێکە ژیانی لەناو ڕەنگ و بۆنی بەهاراتەکاندا بەڕێدەکات

سلێمانی

محەمەد عەبدوڵا لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی، نزیکەی نیو سەدەیە دوکاندارە و ٣٣ ساڵە دوکانەکەی کردووەتە جێگای فرۆشتنی بەهارات و دەرمانە کوردەوارییەکان، کاتێک بەلایدا تێدەپەڕیت بۆن و بەرامە و ڕەنگاڵەیی دوکانەکەی سەرنجت ڕادەکێشێت، لەپشت ئەمەشەوە چیرۆکی تەمەنێک ڕەنج و هەوڵدان شاراوەیە.

بازاڕی شاری سلێمانی یەکێکە لە بازاڕە دێرینەکانی باشووری کوردستان، لە گۆشەیەکی ئەم بازاڕەدا هاوڵاتییەک بەناوی محەمەد عەبدوڵا نزیکەی نیو سەدەیە دوکاندارە و ٣٣ ساڵە دوکانەکەی کردووەتە جێگای فرۆشتنی بەهارات و دەرمانە کوردەوارییەکان.

 محەمەد باس لەوەدەکات، هەر لەمنداڵییەوە حەزێکی زۆری بۆ کارکردن هەبووە و لەدوای کۆچی دوایی باوکی، ئەرکی دوکانەکەی گرتووەتە ئەستۆ و دەستی بە کارکردن کردووە، نزیکەی نیو سەدەیە لەناو هەمان دووکان و هەمان جێگە بەردەوامە.

محەمەد عەبدوڵا لە ساڵی ١٩٦٣ لە دایکبووە، باوکی سێ منداڵە، وەک خۆی دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە حەزی بۆ کارکردن هەبووە و لە تەمەنێکی زۆر کەمدا دەستی بە کارکردن کردووە، سەرەتا بەر لە دەستکردن بە کاری دوکانداریی فەریکە نۆک و ترۆزیی  لەناو شەقامەکانی سلێمانیدا فرۆشتووە و ماوەیەکیش کاری شاگردیی کردووە، دواتر کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات، دێتە شوێنی و دوکانەکەی باوکی بەڕێوە دەبات.

لەبارەی شوێنی دوکانەکەیەوە وتی: ئێرە بازاڕی وەسمان پاشایە کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، ئێستا گۆڕانکاریی زۆر بەسەردا هاتووە، باوکم لە ساڵانی ١٩٢٠ بەدواوە لەم دوکانەدا کاری پینەدۆزیی کردووە، دواتر بۆ ماوەیەک کردوویەتی بە دووکانی جلی کوردیی پیاوان، هەتا ساڵی ١٩٧٧ باوکم کۆچی دوایی دەکات، من خوێندکاری پۆلی شەشی سەرەتایی بووم کە هاتمە سەر دوکانەکە و کەرەستەکانی ناو دووکانەکەم گۆڕی، لە دووکانەکەدا شەربەت و خواردنەوە گازییەکانم دەفرۆشت.

محەمەد عەبدوڵا لە گێڕانەوەی مێژووی کارەکەی بەردەوامبوو وتی، لەپاڵ خوێندندا هەر بەردەوام بووم لە کاری دووکانداریی، هەتا کاتی کۆڕەوە بە کۆمەڵەکەی کوردان، کە خەڵک هەموو ناچاری کۆچکردن بوون، لەوکاتەدا ئێمەش سلێمانیمان بەجێهێشت، پاش گەڕانەوەمان بۆ شاری سلێمانی دووبارە دوکانەکەم ئاوەدان کردەوە و ئەمجارە کردمە دووکانی بەهارات و هەندێک خواردنی وشکە و دەرمانە کوردەوارییەکان، لەو کاتەوە تا ئەم ساتەش ئەو کەرەستانە دەفرۆشم و لەناو ئەم دوکانەدا ڕۆژانی تەمەنم بەسەر دەبەم.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ١٩٧٤دا ئاگرێکی گەورە لەناو ئەو بازاڕەدا کەوتووتەوە و بووتە هۆکاری گۆڕان لە سیمای بازاڕەکەدا، بەر لەو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیە بازاڕەکە نەخشەیەکی ڕێک و سەرنجڕاکێشی هەبووە، بەڵام لەدوای بوونیادنانەوەی نەخشەی شوێنەکە شێوێنراوە و سیما جوانەکەی لەدەستداوە، ئەگەر بازاڕەکە بە هەمان نەخشەی سەردەمی پێشوو دروستکرابایەوە ئێستا دەبووە یەکێک لە شوێنە مێژووییە جوانەکانی شار.

محەمەد عەبدوڵا ئەوەی خستەڕوو لەدوای کۆڕەوە مەزنەکەوە، دووکانەکەی کردووەتە دوکانی بەهارات و دەرمانە کوردەوارییەکان، کە بەشێکی زۆری بەهاراتەکانیش لەناوخۆی کوردستان دروست دەکرێن  و ئەوانی دیکەی لە وڵاتی هیندستان و سەنگاپورەوە  هەندێک وڵاتی دیکەوە هاوردە دەکرێن.

ب.گ

Comments are closed.