پەردە لەسەر پەیکەری شەهید مامۆستا شەماڵ لادرا

گەرمیان

ئەمڕۆ لە یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵدا، لە شارۆچکەى کفرى بە بەشداریى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژە جیاوازەکان، لە ناوەندی شارۆچکەکەدا پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادرا.

ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، لە ساڵیادی شەهیدکردنى سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، نووسەر و شارەزای بواری مێژوو و جوگرافیا و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییان و هاوڕێکانی و خانەوادەکەی پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادرا.

سەرەتاى چالاکییەکە بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهید مامۆستا شەماڵ دەستیپێكرد، دواتر لەلایەن خانەوادەکەیەوە پەردە لەسەر پەیكەرەكەی لادرا.

پەیکەرەکەی مامۆستا شەماڵ، لە فولکەیەکی ناوەڕاستی شارۆچکەى کفرى دانرا، کە بە فولکەی بەرگریی شارستانی دەناسرێت و نزیكی بازاڕی گەورەی شارۆچكەكەیە.

بەشێک لە هاوڕێ نزیکەکانی شەهید شەماڵ، ئەرکی درووستکردنی پەیکەرەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و لەلایەن مامۆستایانی بەشی شێوەکاریی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفرییەوە درووستکراوە.

جێگەى ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢ سوهەیل خورشید، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، مێژوونووس و لێکۆڵەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی کفری، بە دەستڕێژی گوللـە شەهید کرا، ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدکردنیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا بکەرانی دەستگیر نەکراون.

ئـ.م

Comments are closed.