٣١ـی ئاب…دوێنێ بۆ بەعس و ئەمڕۆ بۆ دەوڵەتی تورک!

ناوەندی هەواڵەکان

پێشینان دەڵێن: “دار کرمی لە خۆی نەبێت هەزار ساڵ دەژی” پەدەکە لە ٧٠ ساڵی تەمەنی سیاسیی خۆیدا ڕۆڵی ئەو کرمەی گێڕاوە و کۆکی خۆی پوکاندووەتەوە، ٢٧ ساڵ لەمەوبەر سوپای بەعسی هێنایە سەر هەولێر دژی یەنەکە، ئەمڕۆش ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەریی تورک جێبەجێدەکات لە کەرکووک دژی یەک لیستیی کورد.

مێژووی پەدەکە لەو ٧٠ ساڵەی تەمەنیدا، لێوان لێوە لە خیانەتی گەورە، لە دوای ٣١ـی ئابیشەوە تا ئەمڕۆ درێژەپێدەر و سەرمەشقی هێڵی خیانەت بووە، بە جۆرێک ڕۆڵی پرۆژەیەک دەگێڕێت بۆ تەسفییەکردنی شۆڕش و سەرهەڵدان و بزووتنەوە ئازادییخوازییەکانی کورد، مێژووی خوێناویی شۆڕشگێڕانی کورد لە دەست ئەو حزبە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.

پەدەکە ماوەی چەندین ساڵە لە باشووری کوردستان بووەتە چاوساغ و پێش قەراوڵی دەوڵەتى داگیرکەریی تورک، بەهۆی ئەو خیانەتەشەوە دەوڵەتى تورک زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتری لە خاکی هەرێمیان داگیر کردووە و نزیکەى ٩٠ بنکە و بارەگای سەربازییان تێدا جێگیر کردووە.

ڕۆژانە پشتبەست بە زانیارییە سیخوڕییەکانی پاراستنى پەدەکە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانى دەوڵەتى تورک گەریلاکانی ئازادیی و هاوڵاتیيان و ئازادییخوازان دەکەن ئامانج، بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی تورکیا تەنیا لەمساڵدا نزیکەى ٤٠٠ هێرشی ئاسمانى بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجامداوە لە مانگی ڕابردوودا بەهۆی درۆنەکانى دەوڵەتى تورکەوە پێنج هاوڵاتی شەهید بوون، هەروەها دەوڵەتی تورک، بە قوڵایی ٢١٥ کیلۆمەتر بۆ ناو عێراق هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دەدات.

لە پاش ١٠ ساڵ وابڕیارە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە کاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد چارەنووسسازە و هەمووان چاوەڕێبوون کورد بە یەک لیستی دابەزێت، بەڵام پەدەکە جارێکیتر بە فەرمانی دوژمن یەکڕیزیی کوردی تێکدا.

لە سەر داواکاری ئەردۆغان و بۆ خزمەتکردن بە ئەجێندای دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، پەدەکە لە بری کورد، لە کەرکووک هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەرەبی سونەی بەعسی و تورکمانە فاشیستەکاندا بەستووە و کوردەکانیش ئەمە بە درێژەدان بە خیانەتی ٣١ـی ئاب پێناسە دەکەن.

ساڵی ٢٠١٧ بارزانی وەک خۆی وتى: “سواری سەری خۆی بوو” ڕیفراندۆمێکی شکستخواردووی ئەنجام دا، بەو هۆیەشەوە لە ٥١٪ خاکی باشووری کوردستان کە بە خوێن و ئارەقەی هەزاران پێشمەرگە و گەریلا ئازاد کرابوون، فرۆشرا.

ئێستاش پەدەکە جارێکیتر دەیەوێت هەستی نەتەوەیی خەڵک بەکاربهێنێت بۆ مەرامەکانی خۆی کە خزمەت بە دوژمن دەکات، عەرەبە سوننە و تورکمانەکانی هاوپەیمانی خۆی لە کەرکووک، هێناوەتە سەر شەقام و بەم سیناریۆیەش دەیەوێت بە خەڵک بڵێت: ئێمە باجی هەڵوێستە نەتەوەییەکانمان دەدەین”، بەڵام هیچی بە هیچ نەکرد و هەرزوو دەستی ئاشکرا بوو.

هـ.ح

Comments are closed.