منداڵانی نێو زیندانە چاکسازییەکان پەراوێزخراوترینەکانی کۆمەڵگان

مەهران ڕەمەزان

لە ناو زیندانە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ٣١٧ ژن ڕاگیراون یاخود سزا دراون، لە ئەنجامدا ٦٧ منداڵ لەگەڵ دایكیان لە نێو چاکسازییەکەدا دەمێننەوە، چارەسەرکارێکی دەروونیش دەڵێت: ئەو منداڵانە فەرامۆشکراوترین توێژی کۆمەڵگەن.

بەپێی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی مافەكانی منداڵ، دابینكردنی ژینگەیەكی تەندرووست تایبەت بە منداڵان و خوێندن و پەروەردەی گونجاو بە پێویست زانراوە، بەڵام ئەو منداڵانەی لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمدا دەمێننەوە لە هەموو مافە سەرەتاییەكانیان بێبەشن، تەنانەت بەهۆی یاسایەکەوە مافی خوێندن و چوونە خوێندنگەشیان نییە.

بەپێی شیکردنەوەی پارێزەران و یاساناسان، مافی خوێندن لە چاکسازییدا بۆ ئەو کەسانەیە کە تاوانێکیان کردووە و بە بڕیاری دادگا سزای کۆتاییان بۆ دەرچووە، لەو ڕوانگەیەی ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە هیچ کام لەو مەرجانەیان تێدا نییە بۆیە ناتوانن خوێندنیان بۆ دەستەبەر بکرێت.

بەپێی ئاماری فەرمانگەی یاسایی و مافەكانی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، تاوەكو كۆتایی مانگی حوزەیران، ٣١٧ ژن لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان حوكم دراون یان ڕاگیراون، لە ئەنجامدا ٦٧ منداڵ لەگەڵ دایكیان لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، كە ٣٠ كوڕ و ٣٧ كچن.

لەو بارەیەوە شۆخان عەبدولخالق، چارەسەرکاری دەروونیی، بۆ ڕۆژنیوز باسی لە کاریگەرییەکانی سەر دەروون و داهاتووی ئەو منداڵانە  کرد، کە بە هەر هۆکارێک بێت لە چاکسازییەکاندان لەگەڵ دایکیانن و وتی: گومانی تێدا نییە ژینگەی زیندان یاخود چاکسازیی بە هیچ شێوەیەک بۆ منداڵ گونجاو نییە، لە سەرجەم قۆناغەکانی ژیانیدا، مەترسیی تووشبوونی بە گۆشەگیریی و زەبری دەروونیی هەیە لەسەری.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەو منداڵانەی لە چاکسازییەکاندان، بەردەوام لە ناخی خۆیاندا ئەو پرسیارەیان بۆ درووست دەبێت، ئاخۆ دەبێت چ تاوانێکیان کردبێت، کە لە زینداندا دەمێننەوە، متمانە بەخۆبوون و بیرکردنەوەی داهێنەرانەیان لاواز دەبێت، لە زەقترین کاریگەرییەکانی کە لە ڕووی دەروونییەوە لێی دەرەکەوێت تێکچوونی خەو و خۆراکیانە، کۆمەڵێک کاریگەری تریش تێیدا دەردەکەوێت، کە بۆ داهاتوو لە ژیانیان هەستی پێدەکەن.

چی بۆ ئەو منداڵانە بکرێت کە لە زیندانە چاکسازییەکاندان، لەگەڵ دایکیان؟

شۆخان عەبدولخالق ئەوەشی خستە ڕوو، لە کاتێکدا دایکەکان خۆیان لە زیندانن و پاڵپشتێکیان نییە چۆن دەتوانن ببن بە پاڵپشت بۆ منداڵەکانیان، ئەگەر پڕۆژەیەک هەبێت بۆ منداڵانی نێو چاکسازییەکان بۆ ئەوەی هەست بکات لە ڕووی دەروونییەوە وەک منداڵانیتر مافەکانیان بەدەست هاتووە.

چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە دووبارە تێکەڵ بە کۆمەڵگا بکرێنەوە؟

منداڵانی نێو زیندانە چاکسازییەکان، توێژێکن، کە دەتوانرێ بوترێت گرنگییان پێ نەدراوە، زۆر جار دەهێنرێنە دەرەوە لە چاکسازییەکان یاخود تەمەنیان دەگاتە قۆناغێک، کە بە پێی یاسا ناتوانرێت لە لای دایکی بمێنێتەوە، لە ڕووی دەروونییەوە هیچیان بۆ نەکراوە و شەرم لە کۆمەڵگا دەکەن و بە تایبەت کچەکان، ڕووبەڕووی پەراویزخستن دەبنەوە لە کۆمەڵگەدا و کوڕەکانیش ئاکاری توندوتیژییان تیدا دەردەکەوێت، هەندێک کار دەکەن بۆ ئەوەی جێگای خۆیان لە کۆمەڵگەدا بکەنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە پێویستە هەموو لایەک، دایک و باوک، کۆمەڵگە، ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندییدارەکانی نێو حکومەت بە جدی لەسەر ئەو پرسە ڕابووەستن و زەمینەی ژیان و دەروونێکی ئارام بۆ ئەو منداڵانە درووست بکەن، چوونکە پاش هاتنە دەرەوەشیان لە چاکسازیی ئەو ڕووداوانەیان بیرناچیتەوە، کە بەسەریان هاتووە، بۆ هەتا هەتایە ناتوانێت لەبیری بکات، بۆیە دەکرێت لە ڕێگەی چارەسەر و پەروەردەکردنەوە تا ئاستێک ژیانیان ئاسایی بکرێتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.