وەرزی برینەکردنی ئاژەڵان لە سنووری شارۆچکەی کۆیە دەستی پێکردووە

کۆیە

ڕوو لە وەرزی گەرما دەکەین و ئاژەڵداران دەست بە برینەکردنی ئاژەڵەکانیان دەکەن و بەم شێوەیەش لە لایەکەوە خۆیان ئامادە دەکەن، لەلایەکی دیکەوە خورییەکەی دەفرۆشنەوە و وەک سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانیان سوودی لێدەبینن.

ساڵانە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی هاوین ئاژەڵداران بە بڕێنەوەی ئاژەڵەکانیان (برینەکردن)، خۆیان بۆ وەرزی گەرما ئامادە دەکەن، هەر لە ئێستاوە لە گوندەکانی شارۆچکەی سنوورى کۆیەی سەربە پارێزگای کۆیە، دەستکراوە بە بڕینەوەی ئاژەڵەکان، ئەمە لە کاتێکدایە، لە ناوچە گەرمەکان زووتر دەست بەم کارە دەکرێت.

لەم بابەتەدا، ڕۆژنیوز یەکێک لەو ئاژەڵدارانە لە گوندی قەسر ناسراو بە “قەسر خەرابە” بەسەر دەکاتەوە و شێوازی بڕینەوە و هەنگاوەکانی دەخاتەڕوو.

کەمال شکور
کەمال شکور

کەمال شکور، یەکێک لە ئاژەڵداران، کە سەرقاڵی بڕینەوەی ئاژەڵەکانی بوو، بۆ ڕۆژنیوز باسی لە خۆئامادەکردن و هەنگاوەکانی بڕینەوەکە دەکات و دەڵێت: ڕۆژێك پێش ئەوەی مەڕ و ماڵاتەكانمان بهێنینەوە بۆ بڕینەوە، چەند كەسێكی شارەزا لە بڕینەوەی خوری مەڕ لە گوندەكەدا و هەندێك جاریش لە گوندانی دیکە بانگ دەكەین تا ڕۆژی دوای لە كاتژمێر ٦ـی بەیانیەوە دەست دەكەین بە بڕینەوە.

لەبارەی ئەو کەسانەی کە بەشدار دەبن لە کارەکەدا وتی: سەرەتا چەند كەسێك مەڕەكان لە زەوی دەخەن، ئەوانە پێیان دەوترێت “مەڕ خەر”، ئەو پەتەی قاچی مەڕەكانی پێ دەبسترێت پێی دەوترێت “پەل بەست”، ئەوانەی مەڕەكانیش دەبڕنەوە پێیان دەوترێت “جۆبڕ یان جەوبڕ”.

ئەم کارە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، هەروەها وەک ئەرکێکی هەرەوەزیی لە نێوان ئاژەڵدارانی گوندەکاندا بەڕێوەدەچێت و هاوکاریی یەکدی دەکەن، وەک کەمال شکور دەڵێت: ساڵانە بە هەرەوەزی هەر ڕۆژە و هی خاوەن ئاژەڵێك دەبڕینەوە.

ئازاد محەمەد
ئازاد محەمەد

هەروەها ئازاد محەمەد، یەكێكە لە جەوبڕەكان باس لە بڕینەوەی خوری مەڕ دەكات و دەڵێت: ساڵانە لە مانگی نیسانەوە لە ناوچە گەرمەسێرەکان دەست دەكەن بە بڕینەوەی مەڕ، بەڵام لە سنووری ئێمە لە ناوەراستی مانگی نیسان دەست پێ دەكات، ئەوەش بە گوێرەی كەشوهەوا و خۆشی ساڵەكە لە ڕووی لە وەڕگا دەگۆڕیت.

دەشڵێت: ئەگەر بە هارەكەی پڕ باران بێت و گژوگیا زۆر بێت، ئەوا مەڕ خوری نوێ دەهێنێتەوە پێی دەڵێین، “برینگەی داوە”، تا خزمەتی مەڕەكە باشتر بكرێت ئاسان تر دەبڕدرێتەوە.

ئەو برینگ بڕە یان جەوبڕە ئاماژە بەوەش دەكات، هەندێك جار پێش بڕینەوەی مەڕەكان دەشورێنەوە بۆ ئەوەی خاوێن ببنەوە ئاسان تر برینگەكە خوری مەڕەكان دەبڕێت.

کاتێک خەریکی ئامادەکردنی ئەم بابەتە بووین، پیرە پیاوێکی ماندوو و تەمەن هەشتا ساڵە بە کڵاوێکی گەورەی خورییەوە سەرنجمانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ئەم پیرەپیاوە هەرچەندە توانای كاری قورسی نەماوە، بەڵام ئەزموونی باشی لە تیژ كردنەوەی برینگەكاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەی بە بەردە هەسان سەرقاڵی تیژ كردنەوەی برینگە قسەی بۆ كردین و وتی: هەر لە منداڵییەوە بەشدار بووم لە بڕینەوەی مەڕەكان، كاری من بەستنی خوری و تیژ كردنەوەی برینگەكان بووە.

محمد عباس
محمد عباس

ئەو باسی سەردەمی پێشر و ئێستا دەكات، كە جیاوازی لە كارەكەیاندا نییە، بەڵكو جاران خوری مەڕەكانیان دەفرۆشت و پارەی باشی كردووە، كەچی ئێستا دەبێت بیسوتێنن یان فڕێی بدەن، كە ئەمەش سەروەتێكی گرنگە و بە فیرۆدەچێت.

هەركاتێك خاوەن ئاژەڵێك مەڕەكانی دەبڕێتەوە لە سنوورى كۆیە دەبێت خواردنی قوڕاو ئامادە بكرێت، کە خواردنێکی فۆلکلۆری کوردییە، هەر بۆیە ژنانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی خواردنن بۆ ئەوانەی مەڕەكان دەبڕنەوە، لە گوندەكاندا گیانی هاوكاریی و هەرەوەزی و پێكەوە كاركردن تا ئێستا گرنگی خۆی هەیە.

سەرەتا دەبێت گۆشتی ئاژەڵەكە بشۆینەوە و لەسەر ئاگر دایدەنێن تا باش دەكوڵێت

كوێستان میرزا
كوێستان میرزا

كوێستان میرزا، لە شارەوە هاتووە بۆ ماڵی خزمەكەیان تا هاوكارییان بكات لە كاتی بڕینەوەی مەڕەكان، ئەویش ئەركی ئامادەكردنی خواردنی گرتووەتە ئەستۆ و باسی درووست كردنی قوڕاو دەكات و دەڵێت، سەرەتا دەبێت گۆشتی ئاژەڵەكە بشۆینەوە و لەسەر ئاگر دایدەنێن تا باش دەكوڵێت، ئینجا ماستی مەڕ دەكەینە سەر ئاگر تا ئەویش جوان بە كوڵ دێت، ئەوجا گوشتە كوڵاوەكە لەگەڵ ئەو ماستەی كوڵاوە تێكەڵاو دەكرێت، بۆ ماوەی چەند خولەكێك دەبێت بەردەوام تێك بدرێت، چونكە گەر ماستەكە تێك نەدرێت ئەوا تێك دەچێت و خۆش دەرناچێت.

وتیشی: دواتر كە تەواو ئامادە بوو لەسەر ئاگرەكە دایدەگرین تا خەست دەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.

هەرچەندە لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی حكومەت پیلان و بەرنامەیەكی باشی بۆ كەرتی ئاژەڵ داری نییە، ئەركی بە خێوكردنی ئاژەڵ قورس بووە، هەربۆیە بەردەوام بەرهەمی ناوخۆی ڕوو لە كەمبوونەوەیە.

ب. جـ

Comments are closed.