كابینەكەی مەسروور بارزانی قەیران بە قەیران پینە دەکات

بنار هیدایەت

لە پاڵ قەیرانە قووڵە سیاسیی و سەربازیی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم، کابینەکەی مەسروور بارزانی لە ماوەی ئەمساڵدا، تەنها حەوت مووچەی دابەش کردووە، ئەمەش بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانەکانی تر و کۆکردنەوەی سەرنجی خەڵک لەسەر مووچە، واتا پینەکردنی قەیران بە قەیران.

لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە درووشمی چاکسازیی و بەڵێنی چاککردنی دۆخی گوزەرانی خەڵک دەستی پێکرد، بەڵام بەپێی وتەی چاودێرانی ئابووریی لە هەرێمی كوردستان، كابینەکەی مەسروور بارزانی بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانەکان چەندین قەیرانی تری خوڵقاند، لە سەرووی هەمووشیانەوە مووچە.

ساڵی ٢٠٢٣ تەنها دوو مانگی ماوە و حکومەتی هەرێم تا ئێستا تەنها حەوت مووچەی دابەش کردووە و بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەیدایە تەنها یەك مووچەی تر دابەش بكات و سێ مووچەی مووچەخۆران بخۆن.

لەمبارەیەوە گوڵاڵە سدیق پسپۆڕی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەدا: ئەو دوو ٧٠٠ ملیار دینارەی بڕیارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بدرێت بە هەرێمی كوردستان بە شێوەی قەرزە، تەنها بەشی یەك مووچەی دیكە دەكات و بەو پێیەش مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە”.

وتیشی: لە ئەگەری فەوتانی ئەو مووچانە، دەبێت لە یاسای بوودجەی ساڵی ئاییندەی حكومەتی عێراق، لە پشكی هەرێمی كوردستان، حكوومەت ئەو سێ مانگ مووچە فەوتاوەی فەرمانبەران بداتەوە، ئەوەش یەكێكە لەو ئەگەرانەی حكومەت ناچێتە ژێر باری دانەوەی ئەو بڕە پارە فەوتاوەی فەرمانبەران”.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانێكی چەند ڕۆژەی بۆ بەغدا ئەنجامدا، بەڵام سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق جگە لە بەڵێنی ناردنی یەك مووچە بە قەرز، هیچ بەڵێنێكی دیكەی بە شاندەکە نەدا، بێبەڵێنی و خەمساردی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بایكۆتی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرینی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەر لەمبارەیەوە د. محەمەد حسێن پسپۆڕی ئابووریی و وزە، تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەساڵی ٢٠١٤ وە تاوەكوو ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە قەیراندا تێپەڕ دەبێت و قەیران بۆ لەبیردنەوەی قەیرانی دیكە درووست دەكات”.

وتیشی: ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوی حكومەتی عێراقە و هەموو هەوڵەكانی ئەم حكومەتە بۆ ئەوەیە بە دانەبڕاوی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بمێنێتەوە تەنها لەبەر ئەوەی بڕە پارەی مانگانەی لە عێراق دەستبكەوێت”.

د. محەمەد حسێن جەختی لەوەش كردەوە، حكومەتەكەی بارزانی بە قەیرانەوە لەدایكبووە، لە كاتێكدا نەوتی بە شێوەی سەربەخۆ دەفرۆشت لە سەرووی سەد دۆلاری ئەمریكییەوە، کەچی هێشتا قەیرانەكان بەردەوامییان هەبووە، بۆیە قەیران لە دوای قەیران ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات”.

تا ئێستا هیچ دڵنیاییەك نەدراوە بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چ لەبارەی مووچەی فەوتاوی سێ مانگی ئەمساڵ و چ لە پێدانەوەی ئەو پاشەكەوتی مووچەیەی چەند ساڵی ڕابردوو، ئەمەش وایکردووە بایکۆت و ناڕەزایەتی لە زۆربەی سێکتەرەکانی پەروەردە و بەڕێوەبردندا درووست ببێت.

ب.گ

Comments are closed.