کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕەکانی هەولێر شۆرتی کارەبایە یاخود دەستێکی نهێنی؟

ناوەندی هەواڵەکان

لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، چەندین ئاگر لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک کەوتنەوە و ملیۆنان دۆلار زیانی لێکەوتووەتەوە، هەر لە سەرەتاوە گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک سوتاندنی ئەو بازاڕانەی لە ئەستۆ گرت و حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش هۆکارەکانی دەگەڕاندەوە بۆ شۆرتی کارەبا، بەڵام هەموو جارێک ئەو ڕاگەیاندراوانە فریای حکومەت نەکەوت و وەزارەتی کارەبا ناچار بوو دان بەڕاستییەکاندا بنێت کە شۆرتی کارەبا هۆکاری سەرەکیی نییە.

لە ١٧ـی شووبات تا ٧ـی ئایار، بە تێکڕا لە دهۆک و هەولێر، ١١ ئاگر لە بازاڕەکانی ئەو دوو شارە کەوتەوە و هەر جارێک لە بەردەم مایکەکاندا بەرپرسان هۆکارەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ شۆرتی کارەبا یان هۆکاری سروشتی، لەلایەکی دیکەشەوە گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک کردنەوەی ئەو ئاگرانەی لە ئەستۆ دەگرت.

چۆن ئاگر لە بازاڕ و کۆگاکانی شاری هەولێر کەوتەوە؟

لە ڕۆژی ١٧ـی شووبات ئاگر لە دووکانێکی بازاری ڕووناکی کەوتەوە و تەواوی دووکانەکە سوتا، لە ٢٣ـی ھەمان مانگدا، ئاگر لە چەند کۆگایەکی ناوچەی پیشەسازی باکوور کەوتەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کۆگاکان گەیشت.

ھەروەھا لە ڕۆژی ٢٧ـی شووبات  ئاگرێکی گەورە  لە بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر کەوتەوە کە بەھۆیەوە ١٦٦ دووکان سوتان، دواتریش لە ڕۆژی ٩ـی ئاداردا کۆگایەکی نزیک ناوچەی پیشەسازی باکوور سوتا.

ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا بوو، کە ڕۆژانی ١٣ و ٢٧ـی ئادار لە دوو ڕووداوی جیادا چەند دووکانێکی بازاڕی فەرمانبەران و چوار کۆگای نزیک لە قوشتەپە سوتان، دواتریش لە ٨ـی نیساندا جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوە و ٤٨ دووکان سووتان، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر دووکانیش زیانیان بەرکەوت.

لە ١ـی نیساندا، ئاگر لە بازاڕی چەلێی ناوەندی شاری دهۆک کەوتەوە و زیاتر لە ١٠٠ دووکانی هاوڵاتییان سووتا، بە هۆشییەوە بە بەهای ملیۆنان دۆلار زیان بەر هاوڵاتییان کەوت.

ھەر لە مانگی نیساندا و لە ٢٣ـی ئەو مانگەدا، ئاگر لە چەند دووکانێکی بازاڕی شێخەڵای ھەولێر کەوتەوە، هەروەها ئاگرەکەی شەوی ٥ـی ئایار لە بازاڕی قەیسەری ھەولێر، کە بەھۆیەوە نزیکەی ٤٠٠ دووکان سووتاون.

نوێترین ئاگریش، ئاگرەکەی بەرەبەیانی ٧ـی ئایار بوو، کە دوای دوو ڕۆژ جارێکی دیکە ئاگر لە بازاری قەیسەری هەولێر کەوتەوە و زیانەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا نەکران.

شۆرتی کارەبا یان دەستێکی نهێنی؟

لە دوای بەشێک لەو ئاگرانە گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک کە خۆیان بە “ڕێکخستنی پەیمانی میللی” ناودێر کردووە، هۆکاری کەوتنەوە و سوتاندنی ئەو بازاڕانەی لە ئەستۆ دەگرت، بەڵام بەرپرسان و باڵادەستانی ئەو دوو شارە، وەک هەمیشە لە دوای ئاگرەکان و لە بەردەوام مایکی ڕۆژنامەنووساندا هۆکارەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ شۆرتی کارەبا.

بە واتایەکی دیکە، شۆرتی کارەبا بووە بە ڕزگارکەری بەرپرسان و بۆ هەر ڕووداوێک ئەو بیانووە دەهێننەوە، بە شێوەیەکی ئاسان خۆیان قوتار دەکەن و لێپرسینەوە لەو کەس و لایەنانە ناکەن کە ئاگرەکان دەکەنەوە.

شۆرتی کارەبا بە تەواوی بوو بەجێی گومان لەلای هەموو خاوەن دووکانەکانی ئەو بازاڕانە، تا گەشت بەوەی وەزارەتی کارەبا لە ٦ـی ئایاردا لە بارەی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکەی نەبەستەوە بە شۆرتی کارەباوە و هیچ سەرەداوێكیان نەدۆزییەوە کە ئاگرەکە بەو شێوەیە کرابێتەوە.

لێرەدا دەبێت بپرسین ئەرکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم چییە و بۆ ناتوانێت پارێزگاریی لە بازارەکان و قوتی هاوڵاتییان بکات، کە بە هۆی ئەو ئاگرانەوە زیانی ملیۆنان دۆلار بەر هاوڵاتییان کەوتووە.

تا کەی حکومەتەکەى مەسرور بارزانی پەردە پۆشی کەوتنەوەى ئەو ئاگرانە دەکات و دەستە شارەواکان ئاشکرا ناکات؟

ب. جـ

Comments are closed.