کورد بەهۆی پەرتەوازییەوە دەیان هەزار دەنگی لە کەرکووک لەدەست دا

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەچوو، کورد لە کەرکووک بە پەرتەوازەیی و پەرش و بڵاوی بەشداری لەو هەڵبژاردنە کرد، هەر لەسەرەوە ئەوە ڕوون و پێشبینیکراو بوو کە کورد بەو پەرتەوازەییەوە دەنگێکی زۆر لەدەست دەدات، بۆیە لە ئەنجامەکانى ئەم هەڵبژاردنە کورد زیاتر لە ٤٤ هەزار دەنگی لەدەست چوو.

پەدەکە و نەوەی نوێ هەر لە سەرەتاوە خۆیان یەکلایی کردەوە کە ئامادە نین بچنە ناو هچ بەرەیەکى یەکگرتووی کوردییەوە، هەرچەندە هەوڵی زۆر درا تا ئەو دوو لایەنە ڕازی بکرێن بۆ یەک لیستى کوردی لە کەرکووک، بەڵام ملیان نەدا، هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست بەهۆی پەدەکە و نەوەى نوێوە ئەوانیش نەچوونە یەکبەرەیی کوردییەوە، بۆیە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەرکەوت کە ئەم پەرتەوازەیە چی زیانێکی لە کورد داوە لە کەرکووک.

کورد لەم هەڵبژاردنە چی بەدەستهێنا؟

کەرکووک هێزو ئیرادەمانە، ١٣٩ هەزار و ٣٧٣ دەنگیى بەدەست هێناوە پەدەکە ٤٦ هەزار و ٧٤٩ دەنگی هێناوە، نەوەى نوێ ٢٤ هەزار و ٦٢٠ دەنگ، هاوپەیمانى مەشخەڵ شەش هەزار و  ٦٥٥ دەنگی هێناوە، حزبی سۆسیالیست ٣٧٧ دەنگی هێناوە.

بەکۆی لایەنە کوردییەکان لە پارێزگای کەرکووک ٢١٢ هەزار و ٧٧٤ دەنگی بەدەست هێناوە، پێکهاتە عەرەبییەکان  ٢٠١ هەزار و ٨٣٥ هەزار دەنگی هێناوە، جیاوازی دەنگی نێوان کورد و عەرەب ١٥ هەزار و ٩٣٩ دەنگە.

بەپێی ئەو دەنگانەش کەرکووک هێزو ئیرادەمانە کە لە یەنەکە و حزبی شیوعی پێکهاتووە، پێنج کورسی و پەدەکە دوو کورسی بەدەست هێناوە، پێکهاتەى عەرەب شەش کورسی و تورکمانەکانیش دوو کورسییان بەدەست هێناوە.

بەهۆی پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان و بە تایبەت ملنەدانى پەدەکە و نەوەى نوێ بۆ یەک لیستى لە کەرکووک لەم هەڵبژاردنە کورد زیاتر لە ٤٤ هەزار دەنگی لەدەست چووە کە دەکاتە دوو کورسی ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک، ئەگەر لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە بەشداریان بکردایە ئەوا کورد بۆ پۆستى پارێزگار پێویستى بە دانووستان لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان نەدەکرد.

بەشێکی دیکە لەلایەنەکان بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی کورد و پاراستنى دەنگی کورد لە کەرکووک پشتیوانی خۆیان بۆ هاوپەیمانیەتى یەنەکە و حزبی شیوعی ڕاگەیاند، بۆ نموونە تەڤگەریی ئازادیی کە نزیکەى ١٥ هەزار دەنگی لە کەرکووک هەیە پاڵپشتى ئەو هاوپەیمانیەتییەى کرد و کاندیدی دانەنا، بزووتنەوەى گۆڕانیش بە هەمان شێوە کاندیدی دانەنا و پشتگیریی یەنەکەى کرد، بەمەش لە بەرژەوەندی کورد لەو پارێزگایە شکایەوە.

کورد چۆن پۆستی پارێزگار دەبات؟

ئێستا هەڵبژاردن کۆتایی هات و کورد بە ئەنجامێکی نە باش نە خراپ هاتە دەرەوە، بەڵام  لەمەودوا براوەى ئەم هەڵبژاردنە کە یەنەکەیە پێویستى بە پڕۆسەیەکى قورسی دانووستان دەبێت لەگەڵ پەدەکە و پێکهاتەکانى دیکە بۆ ئەوەى پۆستى پارێزگار بەرێت.

لەم هەڵبژاردنە کورد ٧ کورسی هەیە و ئەگەر هەیە یەک کورسی دیکە زیاد بکرێت، پێکهاتەى مەسیحیش کورسییەکى هەیە کە ئەوەش لە کورد و بە تایبەت یەنەکەوە نزیکە، ئەمەش هەلی بەدەستهێنانی پارێزگار بۆ کورد زیاتر دەکات.

کورد بۆ ئەوەى پۆستى پارێزگاری کەرکووک بەدەست بهێنێت پێویستى بە (٥٠+١) واتە دەبێت ٩ کورسی ناو ئەنجوومەن بەدەست بهێنێت ئینجا دەتوانێت پۆستى پارێزگار بۆ خۆی دەبات.

یەنەکە پێنج کورسی هەیە، پەدەکەش دوو کورسی کە دەکاتە حەوت کورسی بەپێی دوا ئەنجام ئەگەر یەک کورسی دیکە بەدەست بهێنێت ئەوا لەگەڵ یەک کورسی دیکە کورد دەتوانێت پۆستی پارێزگار مسۆگەر بکات، ئەگەر کورسییەک زیاد نەکات، ئەوکات پڕۆسەى دانووستان قورستر دەبێت و کورد دەبێت پەنا بۆ عەرەب و تورکمانەکان بەرێت بۆ بەدەستهێنانى یەک کورسی دیکە بۆ تەواوکردنى نیسابی یاسایی.

هـ.ح

Comments are closed.