رێگای دێگەڵە نۆ هاووڵاتی کرد بە قوربانی

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ لە ڕێگەی نێوان کۆیە-هەولێر لە سێ ڕووداوی هاتووچۆی جیاوازدا، نۆ کەس بریندار بوون کە یەکێک لە بریندارەکان کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی بازگەی دێگەڵەیە.

ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کۆیە لە ڕاگەیەنراوێکدا بریندار بوونی نۆ هاووڵاتی لە سێ ڕووداوی هاتووچۆ لە سنوورەکەیان ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشداوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکان کراوەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە، ڕووداوی یەکەمیان لە ناو بازگەی شارەدێی دێگەڵە ڕوویداوە کە ئۆتۆمبێلێک خۆی بە کارمەندێکی ئاسایشی بازگەکە دەکێشێت و بریندار دەبێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، پاشان ڕووداوی دووەم لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلی جۆری (نیسان سەنی و نیسان ڕۆگ) لە نزیک شارەدێی دێگەڵە پێنج کەس بریندار بوون.

باسی لەوەشکردووە، ڕووداوی سێیەمیان لەنزیک شارەدێی دێگەڵە ڕویداوە، کە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان پاترۆڵ کۆنترۆڵ لە دەست دەدات و خۆی بە هێمای هاتووچۆ دەکێشێت لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستا تیمی ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی کۆیە لە شوێنی ڕووداوەکانن، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ سەرجەم ڕووداوەکان کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

ر.س

Comments are closed.