وابڕیاربوو یەکێک لە زیندانییانی ئیمراڵی ئازاد بکرێت بەڵام سزاکەی دریژ کرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

وەیسی ئاکتاش ٣٠ ساڵە لە زینداندایە و ئێستا لە ئیمراڵییە، ماوەی سزاکەی لە ٢٨ـی نیساندا کۆتایی هاتووە، بەڵام ئازاد ناکرێت، پارێزەر ساریجا دەڵێت: بە زارەکی پێیان وتین یەک ساڵ سزاکەی درێژکراوەتەوە، ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی ئاشکرا نایاسایی و ناڕەوایە.

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە دۆخی زیندانی ئیمراڵی و پرسی ئازاد نەکردنی وەیسی ئاکتاش، کە سەرباری تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ڕێگە بە ئازادبوونی نادرێت، لە بینای نووسینگەکەیان لە بەیۆغڵوی ئیستەنبووڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا پارێزەر ڕەزان ساریجا ڕایگەیاند، وەیسی ئاکتاش ٣٠ ساڵە لە زینداندایە و ئێستا لە ئیمراڵییە، ماوەی سزاکەی لە ٢٨ـی نیساندا کۆتایی هاتووە، بەڵام ئازاد ناکرێت، ساریجا بەم جۆرە بەردەوامبوو: “بە گوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر داواکاری گشتیی کۆماریی لە بورسا ئامادەی کردبوو، دەبوایە ئاکتاش لە ٢٨ـی نیساندا ئازاد بکرایە، لەم قۆناغەدا بە هۆی هەلومەرجی دژواری گۆشەگیری لە ئیمراڵی، ئێمە ویستمان لە ڕێگەی نامەیەکەوە هاریکاری یاسایی پێبگەیەنین و ڕوانینی ئەو لەبارەی کاروباری ئازادکردنییەوە وەربگرین، بەو بۆنەشەوە ئێمە لە ڕێککەوتی جیاجیادا لە ڕێگەی پۆستی تۆمارکراوەوە نامەمان بۆ نارد، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراینەوە، بەهۆی بارودۆخی گۆشەگیرییەوە ئێمە ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە ئاخۆ نامەکانمان گەیشتوون یان نا.

وتیشی: بەڵام ماوەیەک بەر لە ئێستا ئێمە بۆ ڕێکارەکان سەردانی دادگای جێبەجێکردنی سزا و داواکاری گشتیمان کرد، بۆ ئەوەی هاریکاری یاسایی پێشکەش بە موەکیلەکەمان بکەین، داوامان کرد وێنەیەکی پەڕاوەکانی سزاکە بۆ ئێمە ڕەوانە بکرێت، بەڵام داواکارییەکەمان ڕەتکرایەوە”.

لە درێژەی قسەکانیدا ساریجا ئەوەی خستەڕوو، “لەبەر ئەوەی دەبێت موەکیلەکەمان ئاکتاش ئازاد بکرێت، وەک پارێزەرانی لە ٢٨ و ٢٩ـی نیساندا بۆ پێشوازیکردن لە بەڕێز ئاکتاش یاخود بۆ زانینی ئەوەی کە چ شتێک لەبەردەم ئازادکردنەکەی بەربەست و ڕێگرە، ئێمە هەوڵەکانمان خستەگەڕ، بەداخەوە ئیدارەی زیندانی ئیمراڵی بە زارەکی پێیان وتین کە بە هۆی بڕیاری لیژنەی چاودێرییەوە ئازادکردنی ئاکتاش بۆ ماوەی ساڵێک دواخراوە.

جەختیشی کردەوە، ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی ئاشکرا نایاسایی و ناڕەوایە، هیچ واتایەک بۆ زەوتکردنی ئازادیی بەڕێز ئاکتاش نییە، لە ڕێگەی ئەو هەموارانەی دواتر لە یاساکاندا کراون ئەو بڕیارە ناڕەوایانە دەدرێن، لەلایەکی دیکەوە، سەرباری داواکارییەکانی ئێمەش، بریاری هەڵپەساردنی ئازادکردنی ئاکتاشیان ڕادەستی ئێمە نەکرد، هەم داواکارییەکانمان و هەم تانەکانی ئێمە وەک پارێزەران، لەلایەن بەرپرسە پەیوەندیدارەکانەوە بە هەند وەرنەگیران و ئەوەش تاوانێکی کارگێڕییە.

ب.گ

Comments are closed.