دوو کۆڵبەری ڕۆژهەڵات بە بۆردوومانی دەوڵەتی تورک شەهید بوون

ناوەندی هەواڵەکان

سەرچاوەیەکی تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە پێرێ دوو کۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاتوونەتە سنووری باشووری کوردستانەوە، لە دەڤەری برادۆست بە بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوون.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی هەرێمیی، ٢٨ـی نیسان دوو کۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوونەتە سنووری چیاکانی خنێرە و لۆلانی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان، لە دیوی باشووری کوردستان بە بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوون.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستاش تەرمەکانیان هەر لەوێ ماون و هێشتا کەسوکاریان نەیانتوانیوە بەهۆی مەترسی بۆردوومانەوە بچنە شوێنەکە و تەرمەکان هەڵبگرن.

ئەو سەرچاوە تایبەتە ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو دوو کۆڵبەرە خەڵکی شاری مهابادن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەسوکاریان داوایان لە حکومەتی هەرێم کردووە هاوکارییان بکات، لە گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان.

هەر لەمبارەیەوە ڕۆژنیوز پەیوەندی کرد بە ئیحسان چەلەبی، قایمقامی شارۆچکەی سیدەکان و زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە، بەڵام هێشتا ناو و ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە شەهیدە ئاشکرا نەکراوە.

ب.گ

Comments are closed.