“بە یەکگرتوویی دەتوانین داگیرکارییەکانى تورکیا لە هەرێمی کوردستان بووەستێنین”

دەربەندیخان

چالاكوانانی دەربەندیخان باس لەوە دەكەن، پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق، پەنا بۆ یاسا نێودەوڵەتیەكان بەرن و سكاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتووەكان تۆمار بكەن، لەو ڕێگەیەوە بەر بە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بگیرێت، دەشڵێن: تەنیا بە یەکگرتوویی دەتوانین داگیرکارییەکانى تورکیا لە هەرێمی کوردستان بووەستێنین.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانى خۆی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ بنکە و بارەگای سەربازی دیکە لەناو خاکی هەرێم دروست دەکەن،دەوڵەتى تورک هاوڵاتیی مەدەنی و چالاکوان و ئازادیخوازا دەکەنە ئامانج، بەڵام حکومەتى هەرێم و عێراق چاویان لەو بۆردوومانانە داخستووە و هیچ هەڵوێستێکیان نییە.

كاردانەوەكانیش دژی داگیركاریی و بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر خاكی باشورو ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا نوسەرو چالاكوانانی شارۆچکەی دەربەندیخان قسەیان بۆ ڕۆژنیوز كرد.

هاوڕێ‌ قاسم
هاوڕێ‌ قاسم

هاوڕێ‌ قاسم چالاكوان لە شارۆچکەی دەربەندیخان وتی: هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر خاكی كوردستان، ڕەهەندێكی مێژوویی هەیە، دەوڵەتی تورك لەدروستبوونیەوە تا ئێستا بڕیاریداوە دژایەتی ئیرادە و ئازادیی گەلی كورد بكات بۆ نەگەشتن بەماف و ئازایەتییەكانی.

وتیشی: دەوڵەتی تورك ئەو هێرشانەی بەردەوام دەیكاتە سەر باشووری ڕۆژئاوای كوردستان بۆ دژایەتیكردنی ئازادیخوازانە لەهەر پارچەیەكی كوردستان، ئامانج لێی لەناوبردنی قەوارەی ڕۆژئاوای كوردستانە، هەروەها ئەو هەست و هەڵوێستانەیە ئێستا لای خەڵكی وڵاتپارێزان لەباشووری كوردستان دروستبووە، بۆ پشتگیری خەباتی ڕەوای گەلی كوردو گەریلا لەچیاكانی كوردستان زیندانیانی سیاسییە لەباكووری كوردستاندا.

ئەو چالاكوانە باسی لەوەشكرد، لەباشووری كوردستان هێڵێكی خیانەتكاری هەیە، هەمیشە بووە بەڕێبەرو چاوساغی دوژمنان، بەتایبەت بۆ دەوڵەتی تورك، ئاشكرایە لەناوچەكانی بادینان و هەولێر، چەندین بنكە و بارەگای دەوڵەتی تورك بوونی هەیە لە ناوشارەكانی كوردستاندا، پێویستە ئەمانە بكرێنە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشە درۆنیەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر ئازادیخوازان و خەڵكی مەدەنی لەگەرمیانەوە بۆ زاخۆ، پێمان دەڵێت، هێز گەلێك هەن چاوساغی هەماهەنگی دەوڵەتی تورك دەكەن بۆ لەباربردنی ئەم هێزەی دروستبووە لەباشوری كوردستاندا.

هاوڕێ‌ قاسم دەشڵێت: پێویستە حكومەتی عێراقی لەڕێگەی دەستورو یاسانێودەوڵەتیەكان، ئەو بنكە و بارەگایانەی دەوڵەتی تورك لەناوخاكی كوردستان بەنایاسای دانراو پێشیلی خاكەیكردوە بیانكاتە دەرەوە، هەروەها هەردوو حكومەتی عێراقی و هەرێم لایەنە سەرەكییە سیاسیەكانی كوردستان، هەڵوێستیان هەبێت سكاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتوەكان یەكێتی ئەوروپاو ڕێكخراوە جیهانیەكان تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگە لەو سەرەڕۆیی و سەركێشیانەی دەوڵەتی تورك بگرن بۆ سەرخەڵك و باشوری كوردستان.

جەمال حەسەن
جەمال حەسەن

جەمال حەسەن نوسەرو شاعیر وتی: توركیا لەسەردەمی شەڕی چاڵدێرانەوە تائێستا هەوڵی سڕینەوەی گەلی كورد دەدات، لەزمان و كلتورەكەی، لەباكورو تەواوی پارچەكانی دیكەی كوردستاندا.

وتیشی: كورد تەنها نەتەوەیەكە سودی لەهەڵەكانی مێژوو وەرنەگرتووە، یەكڕیزی و  تەبایی ناو ماڵی كورد خاڵی بەهێزمانە لە بەرامبەر داگیركەران، بەڵام هەبوونی كەلێن و دژ بەرەی لەناوخۆی كوردا، وادەكات ئەوان بەردەوام داگیركارییەكانیان بكاتە سەرخاكی كوردستان.

ئەو نووسەرە باسی لەوەشكرد، حیزبەكانیش لەباشوری كوردستان بەرژەوەندییە تایبەت و حیزبەكانی خۆیانیان خستۆتە پێش بەرژوەندی زمانی دایك، ترسناكترین شت ئەوەیە لەدۆزی گەلی كورد داویانە، كوشتنی ئینتیمای تاكی كوردە بەرامبەر خاك  نیشتیمان، وای لێهاتوە هاونیشتیمانیان تەنها دەڵێن، هەر سكمان تێربێت ئازادییەكان لەدەست بدەین و قەینا با داگیركەر حكومان بكات، كوشتنی ئەم ئینتیمایە زۆر خەتەرە كە حكومەتی كار بەڕێكەر كردویانە.

جەمال حەسەن باس لەوەش دەکات، ئەركی حكومەتی كار بەڕێكەری هەرێم یەكڕیزییە، بۆ ئەوەی بەربەرچی داگیركەران بدرێتەوە، هەتاوەكوو یەكڕیز نەبین بەردەوام داگیركارییەكان لە لایەن دوژمنانەوە دەكرێتە سەرمان، كوردستان دەكەن بە گۆڕەپانێك بۆ یەكلایكردنەوەی كێشە و ململانێكیانیان.

هـ.ح

Comments are closed.