ڕێپێوانی ئازادیی بۆ بەردەم بارەگای سی پی تی لە ئەوروپا بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێپێوانی ئازادیی، کە لە ٢٢ی مانگی ڕابردوو، لە پاریس دەستپێکرد، لە ١٦مین ڕۆژیدا لە گەڕەکی ڤیلیە لا بێلی پاریس بەردەوامە و چالاکوانان ڕایانگەیاند، تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بەدیدێت لە تێکۆشان بەردەوام دەبن.

١٦ ڕۆژە، ڕێپێوانی ئازادیی، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی بۆ پرسی کورد لە ئەوروپا بەردەوامە و بڕیار وایە تا بەردەم بارەگای سی پی تی لە ستراسبۆرگ درێژە بکێشێت.

لە ڕێپێوانەکەدا، ڕاگەیاندراوێک بە زمانی فەڕەنسیی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالانەوە گەلی کورد لە جیهان داببڕێت، بێدەنگی سی پی تی ڕێگەخۆشکەرە بۆ کارەکانی دەوڵەتی تورک و بانگەوازیی کرا کە سی پی تی بە ئەرکی خۆی هەستێت.

هەروەها، بەشداربووانی ڕێپێوانەکە چەندین بڵاوکراوەیەکان لە بارەی گۆشەگیری توند لە دژی ڕێبەر ئۆجالان بڵاوکردەوە و بانگەوازییان لە کوردستانییان و دۆستانیان کرد، کە بەشداربن لە ڕێپێوانەکەی سبەینێ لە گارگەس لەس گۆنسەس لە باکووری پاریسی فەڕەنسا.

ڕێپێوانی ئازادیی، کە ٢٢ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لەبەردەم شوێنی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز دەستی پێ کرد، لە ١٥ ی شوبات لەبەردەم بینای سی پی تی لە ستراسبۆرگ کۆتایی دێت.

ب. جـ

Comments are closed.