جۆن كێربی داوای لێبووردنی لە عێراق كرد

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا داوای لێبووردنی لە عێراق كرد، لەوەی پێشتر وتبووی، پێش ئەوەی هێرش بكەینە سەر گرووپە چەكدارەكان لە عێراق، بەغدامان ئاگاداركردووەتەوە.

جۆن كێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە بارەی ئاگادارنەكردنەوەی عێراق لە هێرشەكانیاندا، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەڤانیدا، كە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو بۆ میدیاكان دوا.

جۆن كێربی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی وتبوومان عێراقمان ئاگادار كردووەتەوە لە هێرشەكانمان بۆ سەر گرووپە چەكدارەكان، داوای لێبووردن دەكەم و لێی پەشیمانم ئەگەر هەر ناڕوونییەكی درووست كردبێت، چونكە لێدوانەكەم لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بووە، كە پێم درابوون.

ئاماژەی بەوەش كرد، هیچ مەبەستێكی خراپم لەو كارە نەبووە، من بەرپرسیارێتییەكە بە جدی هەڵدەگرم و پەشیمانم لەو هەڵەیەی، كە كردوومە.

پێشتریش ڤێدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر ٨٥ ئامانجی لە ٧ شوێن لە عێراق و سووریا ڕایگەیاند، عێراق وەكو هەموو وڵاتانی دیكە لەوە تێگەیشتبوو، كە دوای كوژرانی سەربازەكانمان، وەڵاممان بۆ هێرشەكان دەبێت، ئێمە دوای هێرشەكە دەستبەجێ عێراقییەكانمان لە هێرشەكە ئاگادار كردەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.