“تێکشکانی بەرەی فاشیزم لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا”

وتار

ئیدی گلۆری بەرەی فاشیزم لە تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان و باخچەلی بەرەو لێژییە، نابێ رێگە بدرێت ڕاست ببنەوە.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤، لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری نوێی هێنا پێش، کە تا ئاستێک چاوەڕوانکراوبوو. لەڕاستیدا ئەو گۆڕانکاریە پێویست بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ٢٠٢٣دا ببووایە، بەڵام بێ توانای و پارچەبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، نەیتوانی ئەو شکانە بە بەرەی فاشیزم لە تورکیا بداتە خواردنەوە. لەلایەکی تریش سەرکەوتنی بەرەی فاشیزم لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارتی بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بە جیاوازیەکی کەم، نیشانیدەدا کە تەمەنی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان – باخچەلی بەرەو لێژیە.

رێککەوتنی کۆمار کە پێکهاتووە لە پارتەکانی ئەکەپە و مەهەپە و پارتی گەورەی تورکیا و رەفای نوێ، لەبنەمادا یەک رەوت و هزرن. بەڵام لەهەڵبژاردن بۆ ئەوەی هەریەکەیان هێزی خۆی بزانێ چەند، بە  لیستی سەربەخۆ دەکەونە هەڵبژاردنەوە. لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەرچەندە زۆر رێک نەبوون بە سەرۆکایەتی جەهەپە، لەداوی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و بنکەوتنی کەمال قلچدار ئۆغلو، بەتەواوی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە، هەریەکە و بەڕێگەی خۆیدا چوو. بەتایبەت ئی پارتی بە سەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشەنەر بەتەواوی کەوتە سەنگەر گرتن بەرانبەر جەهەپە، بەڵام نەیتوانی شتێک گڵداتەوە، پێچەوانە رووبەڕووی پارچەبوون و هەڵوەشانەوە هات.

لە بەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری رەخنەیەکی زۆر بۆ رێک کەوتنی بەرەی رەنج و دیموکراتی کە هەدەپە پێشەنگایەتی دەکرد هات، کە بە پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردبوو، ئەویش لەلایەک کاندیدی خۆی بۆ سەرۆککۆمار نەببوو، هەمانکات نەیتوانی بوو رێک کەوتنەکەی بپارێزێت، بۆیە بەلاوازیەوە ببووە بەشێک لە رێک کەوتنی مێزی شەش لایەنی، بەبێ ئەوەی پێگەی وەک پێویست دیاربێ. هەمانکات دیارنەبوو کە هێزەکانی مێزی شەش لایەنی چیان پەسندکردبوو و جیاوازیەکانیان کامە بوون، بەتایبەت هەبوونی کەسایەتیەکی نەتەوەپەرستی شۆڤێنیستی وەک مەڕاڵ ئاکشەنەر و ئی پارتی، هەموو کەسێکی تووشی نیگەرانی کردبوو.

لەبەر ئەوەی ئەردۆغان چەکی یاسا و دەستوریش وەک کارتی فشار بەرانبەر لایەنە دیموکراتخواز و ئازادیخواز و هێزە کوردستانییەکان لە باکوور و تورکیا بەکاردێنێت، ئەمە وای کردبوو کە دەبێ هەدەپە خۆی سنوردار بکات، هەروەها پارتی چەپی سەوزیش پرۆژەیەکی تەنگ بوو بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی لە تورکیا، بۆیە پێویستی دەکرد گۆڕانکاریەکی گشتگیر لە رێکخستن و سیاسەتدا بکرێت. ئەنجام لە کۆنگرەیەکدا پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان بە کورتکراوەی (دەم پارتی) دامەزرێنرا، کە تونجای باکرهان و تولای هاتیم ئۆغلولەری هاوسەرۆکایەتی دەکەن. ئەمەش گڕوتینێکی نوێی دایەوە بە بەرەی ئازادی و دیموکراتی و پێکەوە ژیانی دیموکراتیانەی گەلان لە باکووری کوردستان و تورکیا. لەلایەکیتریش لەگەڵ هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، وەک یەکەم ئەزمون لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیش، بۆ دیاری کردنی کاندیدەکانی هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنەکانی شارەوانی، دەم پارتی هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەنجامدا، بە بەشداری پێکردن زیاتر لە سەد هەزار کەس لە ئەندامانی لە شار و شارۆچکەکان. ئەنجام زۆربەی زۆری کاندیدەکان بە ڕێبازێکی دیموکراتیانە هەڵبژێردران، بۆیەش لە دەرەوەی یەک دوو کەسی چرووکی نمونەی ئەو پیاوەی لە باتمان هەڵبژێردرابوو کە زۆر بێ پێوان و بێ کەلتوری نەتەوەی و دیموکراتی و ئازادی ژن بوو، ئەویش هەڵوێستی لەبەرانبەر وەرگیردرا و لە دەم پارتی دەرخرا. ئەنجام دەم پارتی بە مۆڕاڵ و جۆشێکی نوێ خۆی بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان ئامادە کرد.

لە هەموو هەڵبژاردنەکان رێککەوتن پێویستە ئەنجامبدرێن، دووبارە دەم پارتی رێککەوتنی لە گەڵ جەهەپە ئەنجامدا، بەڵام ئەمجارە بەشێوازێکی نوێ کە هاوسەنگی تیا هەبوو ئەویش بەناوی، رێککەوتن لە شارەکان، واتا لە کامە شار پێویستە چۆن پشتیوانی یەکتری بکرێت، هەروەها لە دوای هەڵبژاردنەکان چۆن پێکەوە کاربکرێت؟ ئەمەش تا ئاستێک ئەنجامی گرت، بەتایبەت گەورە شارەکانی وەک ئەستەنبۆڵ و ئەزمیر و ئەنتاڵیا و مێرسین، جارێکیتر نەهێڵدرا بکەونەوە دەست ئەکەپە و ئەردۆغان. هەروەها لە کوردستانیش بەشێوەیەکی گشتی دەم پارتی سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست خست، سەرەڕای هەموو فرتوفێڵ و تەڵکەبازی و گواستنەوەی هەڵبژێری ساختەش.

دەم پارتی کە لە میراسەیەکی زیاتر لە ٣٠ ساڵی تێکۆشانی دیموکراتیانەی گەلی کورد و هێزە ئازادیخوازەکانی تورکیاوە دێت و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە، لەلایەکیتریش هاوسەرۆکانی خاوەن خەبات و تێکۆشانێکی بەرچاون لە لەپێناو چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزە کردنی تورکیا. بەتایبەت کە لە رابردوو تونجای باکرهان هاوسەرۆکایەتی بۆ شارەوانی سێرت کردووە، هەروەها تولایش بە رەگەز عەرەبە و لە دەوروبەرێکی چەپ و سۆسیالیستە، ئەمە زیاتر هێزی سیاسی و خۆ بەڕێوەبردن و باوەڕ بەخۆبوونی دەرخست.

ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لە تورکیا وەک پێشهاتێکی نوێ پێویستە راوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە لە ئێستا ئەکەپە بۆتە پارتی دووەم، هەروەها ئی پارتی و مەهەپە و زۆرێک لە وردە پارتە نەتەوەپەرست و فاشیستەکان، رۆژە کۆتایەکانی تەمنیان دەژمێرن. لەلایەکیتر جەهەپە وەک پارتی یەکەم سەرکەوتنی بەدەستخستووە لە ئاستی گشتی تورکیا، لە ئاستی کوردستانیش لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و گردبوونەوەکانی هەڵبژاردن و دروشمەکانیان دیار بوو کە پارتی دەم دەبێتە پارتی یەکەم، ئەو کوردەی کە پێداگرە لەسەر رێبازی رێبەر ئاپۆ، تەنها سەرکەوتن شایستەیەتی. ئیدی نەخشەی سیاسی باکووری کوردستان و تورکیا بەرەو گۆڕانکاری دەچێت، پێویستە هێزە ئازادیخواز و دیموکراتخوازەکان ئەم گۆڕانکاریە بگەێنە سەرکەوتنی یەکجارەکی.

هەندێک لایەنی تریش وەک هێز لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە سەری خۆیان دەردەخەنەوە، وەک پارتی رەفاهی نوێ، کەناکرێ هەروا بە ئاسایی ببینرێ، چونکە دەبێ بزاندرێ فاشیستێکی وەک ئەردۆغان لەم قوتابخانەیە گەورە بووە، بۆیە نابێ بەهێڵدرێت بەخشکەی لە کوردستان خۆیان بکەنەوە هێز، بەتایبەت کە لەئێستا سەرۆکایەتی شارەوانی روحایان بردووە.

وەک بەردەوام پەدەکە\عێراق رۆڵە دژە نشتیمانی و کوردستانییەکەی خۆی بیینیوە، لەماوەی ٢٢ ساڵ لەتەمەنی ئەکەپە و ئەردۆغان، پەدەکە بەسەروماڵ پشتیوانی لێکردووە، هەتا چەندین جار مەسعود و نێچیر چوونەتە باکوور بۆ پڕوپاگەندە و دەنگ بۆ کۆکردنەوەیان. هەمانکات چەندین جاریش مەسعود سەرۆک خێڵە بەکرێگیراوەکانی باکووری بانگی سەلاحەدین دەکرد، تاکو دەنگ بدەنە ئەردۆغان. لەماوەی ئەم دوو هەڵبژاردنەی دوای، پەدەکە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەردۆغان دەیانەوێت حیزبوڵڵای دەست بەخوێنی کوردانی وڵاتپارێز سووری ساڵانی نۆوەتەکان لە ئێستا کە بەناوی هوداپار بەڕێکخستن کراون، کە لەلای خەڵکی باکوور بە حیزب و لکۆنترا دەناسرێن، لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلام و مەحافەزەکاری زیندویان بکەنەوە. دیسان لەم هەڵبژاردنە بەتایبەت پەدەکە ماوەی مانگێک بوو تیڤیەکانی بردبووە ئەستەنبۆڵ بۆ پڕوپاگەندەی ئەردۆغان و راگەیاندنی سەرکەوتنەکانی. لەگەڵ پەدەکە هەمانکات حیزبە بەناو ئیسلامیەکانیش لەباشوور بوونەتە ئۆڕگانی ئەکەپە و حیزبو لکۆنتڕا، شەو رۆژ پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن. لەگەڵ ئەوەی مەترسی حیزبولکۆنتڕا (هوداپار)، وەک هێزێکی چەتە و دژە کورد و ئازادی ژن و دیموکراتی و پێکەوە ژیان دەبێ بینرێت، هەمانکات دەبێ رۆڵی پەدەکە و ئەو هێزە بەناو ئیسلامیانەش دەبێ ببینرێ کە بوونەتە ئاشقی بکوژی کوردان و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازن. لایەنەکانیتر لەگەڵ ئەوەی نەینتوانی رۆڵێکی پشتیوانی بۆ هێزە ئازادیخوازەکان ببینن، بەڵام خۆشیان ناشرینیش نەکرد، چونکە ئەوانیش لە راگەیاندنەکانیان بەقەد هەواڵی ئەردۆغان و بەرەی فاشیزم، بە نیوەی ئەو هەواڵ و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرەی دیموکراتی نیشاننەدا، چونکە دەبێ بزاندرێت، تێکشکانی بەرەی فاشیزم بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان، تەنها ئەرکی دەم پارتی و تەڤگەری ئازادی کوردستان نییە، بەڵکو ئەرکی سەرجەم هێز و لایەنە نشتیمانی و نەتەوەیەکانە. باشووری کوردستان ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕێت، هۆکاری سەرەکی داگیرکاری و هێرش و پەلامارەکانی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغانە. راستە پەدەکە و لایەنە ئیسلامیەکان بوونەتە پارچەیەک لەگەڵ ئەو بەرە فاشیستە، بۆیەش مەرگی خۆیان لەگەڵ مەرگی بەرەی ئەردۆغان دەبینەوە. بەڵام پێویستە بەرەی نەتەوەی و دیموکراتی و ئازادیخواز لە باشوور بوێرانەتر بێتە مەیدان و نەهێڵێت لەهیچ بوارێک، ئەکەپە و پەدەکە و هوداپار و ئیسلامیەکان خۆیان بەسەر باشووری کوردستان و عێراق بسەپێنن.

ئیدی گلۆری بەرەی فاشیزم لە تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان و باخچەلی بەرەو لێژیە،  نابێ رێگە بدرێت راست ببنەوە. بۆ ئەمەش هێزە ئازادیخواز و دیموکراتخوازەکان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان کۆتای بەو زوڵم و زۆرداریەیی ئەکەپە و ئەردۆغان بهێنن کە بۆتە هۆی شەڕ و ئاشوب و داگیرکاری و چەوسانەوەو هەژارکردن برسی کردن و کوشتنی ژنان و بێکاری و کۆچبەری و ئاوارەی کۆمەڵگە. دیموکراتیزە بوونی تورکیا دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاری مێژووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت هۆکارێکی سەرەکیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. دیموکراتیزە کردنی تورکیا سەرەتا ئەرکی دەم پارتی و سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکانە، واتا ئەوەی دەڵێت؛ کورد چ کاریان بە دیموکراتیزە کردنی تورکیا هەیە، وەڵامە کورتەکە ئەوەیە بەبێ دیموکراتیزە بوونی تورکیا کێشەی کورد لە باکوور و باشوور و رۆژئاوا چارەسەر نابێ، چونکە کۆسپی سەرەکی بەرەم کێشەی کورد و پێکەوە ژیانی گەلان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی فاشیستی تورکیایە. بۆیە بە گۆڕانکاری لە تورکیا سەردەمێکی نوێ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات.

هـ.ح

Comments are closed.