لە سەیدسادق هەڵمەتێکی هەرەوەزیی ژینگەیی بەڕێوەچوو

سەیدسادق

بە ئامانجی پاكکردنەوەی ژینگەی گوندەکەیان و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتییان لە پاراستنی ژینگە، دانیشتووانی گوندی موانی مەلاتاهیر، بە هەرەوەزیی هەڵمەتێکیان بۆ پاککردنەوە و كۆكردنەوەی خۆڵوخاشاك ئەنجامدا.

ئەمڕۆ لە گوندی موانی مەلاتاهیر لە سنووری شارۆچكەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دانیشتووانی گوندەكە بە هەموو تەمەنە جیاوازەكانەوە بە هەرەوەزیی، هەڵمەتێكی ژینگەییان ئەنجام دا بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی گوندەكەیان.

ڕێكەوت میروەیس سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە ئەمڕۆ هەڵمەتێكمان ڕاگەیاندووە بە مەبەستی پاكڕاگرتنی ژینگەی گوندەكەمان، وەك ئەركێكی ئەخلاقیی و ئاینیی و كۆمەڵایەتیی، پێویستە ژینگەی گوندەكەمان بە هەموو تەمەنە جیاوازەكانەوە پاك ڕابگرین، پاك ڕاگرتنی ژینگەش ئەركی هەموو تاكێكی گوندەكەمانە، هیوادارین گوندەكانی دیكەی سنورەكەشمان هاوشێوەی ئێمە، ئەمجۆرە هەڵمەتانە بۆ پاكردنەوەی گوندەكانیان ئەنجام بدەن.

وتیشی: بەرنامەمان هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا كەسانی پسپۆڕی ژینگە بهێنینە گوندەكەمان، سمیناری تایبەت ئەنجام بدەین لەسەر هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتییان بۆ پاراستنی ژینگە.

باسی لەوەش كرد، ئەم هەڵمەتە دەكەین بە كەلتوورێك هەموو چین و توێژە جیاوازەكان بەشداری تێدا بكەن، وەك چۆن نوێژ فەرز كراوە لەسەر هاوڵاتییان بەو جۆرەش پێویستە ژینگەی گوندەكەمان بپارێزین بە هەموومانەوە، داواكارین لە دایكان و باوكانیش منداڵەكانیان هۆشیار بكەنەوە لە زیانەكانی ماددە پلاستیكییەكان، چونكە ئەو ماددانە بە هەزاران ساڵی دەوێت تاوەكوو شیدەبنەوە و دەبن بە خاك جارێكی دیكە.

ب.گ

Comments are closed.