بارانێکی زۆر و بەهارێکی پڕبەرهەم بازاڕەکانی بە گژووگیای خۆراکی ڕازاندووەتەوە

قەڵادزێ

ئێستا وەرزی بەهارە و بارانێکی زۆر و زەوەند کەژو کێوەکانى بە گژویانی ناسکی بەهارە ڕازاندووەتەوە، کە کاسبکاران بۆ ژەمە خۆراکەکانی هاوڵاتییان دەیکەن و دەیهێننە بازاڕەوە، ئەو گژوو گیایانە خواستیان زۆر لەسەرە و بازاڕەکان ڕازێنراونەتەوە بەو جۆرە گیایانە کە سەرچاوەى خۆراکن.

لەم وەرزەدا پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکانی وەک ڕێواس، دۆرە، کنگر، مەندۆک و لوشە و گژوگیا بەهارییەکانی دیکە، بەشێک لە کاسبکاران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە چیا و کوێستانە سەختەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو گژوگیایانە و دواتر فرۆشتنیان لە بازاڕدا، هاوڵاتییانیش بە گەرم و گوڕییەوە ڕووی تێدەکەن و بۆ ژەمە خۆراکەکانیان، زۆر جاریش بۆ دەرمان و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کەڵکیان لێوەردەگرن.

بەشێک لە هاوڵاتییان بە گرنگییەوە باس لەو گژوگیایانە دەکەن کە بەوتەى خۆیان هۆکارن بۆ چارەسەرکردنى چەندین نەخۆشی، جگە لەسوودە تەندرووستیەکانیش هاوکات خواردنێکی بەچێژی سەر سفرەوخوانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانە، گژو گیا بەهارییەکان بۆهەندێ هاوڵاتیی سەرچاوەی بژێوی ژیانە.

مەحمود حەمە
مەحمود حەمە

مەحمود حەمە یەکێکە لە فرۆشیاری گیا بەهاریەکان لە شارۆچکەی قەڵادزێ و دەربارەی بەشێک لەو گیابەهاریانەی کە لە بازاڕدا هەیە وتی: گیاکان پێکهاتون لە کنگر، باڕێزە، ترشۆکە و لوشە و چەندین شتی دیکە، زۆربەیان لە چیای ئاسۆس و چیای قەرەسردەوە وە دێن، داهاتێکە بۆ ئەوکەسانەی کە دەیهینن و خەڵکیش سوودی لێدەبینێت، چونکە زۆربەی گیاکان دەرمانن بۆ مرۆڤ، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر دەچێت بۆ کوێستانەکان بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهاریەکان کە داهاتێکە بۆ خەڵک و سوودی لێدەبینێت.

ئەو فرۆشیارە باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ کاتی سەوزبوونی گیا بەهارییەکان پێشکەوت بە هۆی ئەوەی مانگێک جەو خۆشبوو و هۆکارێک بوو بۆ زو پێگەشتنی گیاکان، و وتیشی: بە گوێرەی گیاکان نرخەکانیان دەگوڕێت، کنگری جوان هەیە کیلۆی سێ هەزار دەکات.

ئیسماعیل عەبدوڵا
ئیسماعیل عەبدوڵا

هەروەها ئیسماعیل عەبدوڵا هاوڵاتییەکی ناوچەیەکە و بۆ کڕینی گیا بەهارییەکان ڕوووی لە بازاڕی شارۆچکەکە کردوە و وتی: خەڵک زۆری حەز لە گیا بەهاریەکانە، ئێستا منیش هاتووم کارد و کنگر بکڕم، گیا بەهارییەکان دەرمانن بۆ مرۆڤ ئیشتیادەکەنەوە ترشۆکە بۆ زەخت و باڕێزە بۆ گورچیلە باشە، خواستێکی زۆر لەسەر ئەو گیا بەهاریانە هەیە.

باسی لەوەشکرد، کە بە جۆرێک حەزی بۆ گیا بەهارییەکان هەیە کە  چەن کەسی  دەعوەت کردووە بە دۆکوڵیوی لوشە، و کنگر بە کەباب، کە بەهۆی گرنگی ئەو گژ وگیا بەهارییانە بەتایبەت میوانى پێ دەعوەت دەکات.

ئەو هاوڵاتییە، ئاماژەى بەوەشکرد، ئێستا کە بازاڕی گیا بەهاریەکان گەرمە خەڵک زۆر ئارەزووی خواردنە کوردەواریەکان دەکات، ئەو گژ و گیایانە لە کوێستانەکانەوە دێت و بە ئاوێکی پاک گەورە دەبێت، پاک و تەندروستە خەڵک لێی دڵنیایە هەر بۆیەش خواستی زۆری لەسەرە.

هـ.ح

Comments are closed.