لە چەمچەماڵ سیمینارێک لەباری کارەساتی ئەنفال بەڕێوەچوو

چەمچەماڵ

ئەمڕۆ لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا سیمینارێک لەژێر ناوی ئەنفال یادەوەری و لەبیرچوونەوە بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەتیف فاتیح فەرەج لە شارۆچکەى چەمچەماڵى سەر بە پارێزگاى سلێمانى بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرسانى حکومى و ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکانی شارۆچکەی چەمچەماڵ لەچوارچێوەی چالاکیەکانی ٣٦ـەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا سیمینارێک بۆ نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج لە چەمچەماڵ ڕێکخرا.

لەتیف فاتیح فەرەج
لەتیف فاتیح فەرەج

لەتیف فاتیح فەرەج لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە نادادیەکانی ئەم نیشتیمانە وای کردووه نەوەکانی ئێستا و تەنانەت خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان زانیارییان لەبارەی کارەساتی ئەنفال و چیرۆکەکانی ئەنفالەوە نەبێت.

وتیشى، دەبینین تاقانەیەکی ئەنفال بەهۆی نادادیەکانی کۆمەڵگە و هەرێمی کوردستان بوونی هەیە وەسفی سەرکردەیەکی ستەمکاری وەک سەدام حسێن بکات.

ئەوەشى خستەڕوو، هەمووکات ئەو کەسانەی قوربانین داوای کوشت و بڕی ناکەن، هەمووکات گرنگی بە لێبوردەیی دەدەن، گەر بێت و جاش و مستەشارەکان کۆببنەوە لەجێیەک و داوای لێبوردن بکەن لە گەلەکەیان ئەوکات ڕەنگە بەڕوو سووری لە ژیان دەربچن.

دەشڵێت، ناکرێت چیرۆکە تراژیدیەکانی کارەساتی ئەنفال لەبیر بکرێت، کارەساتی ئەنفال خاوەنی چەندین چیرۆکی تراژیدیە، یەکێک لەوانە ژنێک سێ کوڕی ئەنفال کراوە تا ئێستاش جێگای خەوەکانیان بۆ ڕادەخات، ناکرێت ئەو چیرۆکانە لەبیر بکرێن.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئامادەبوان پرسیار و سەرنجەکانیان ئاڕاستەی نووسەر کرد و بە گفتوگۆیەکی گەرم سیمینارەکەیان کۆتایی پێهێنا.

ئ.م

Comments are closed.