پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ کاتژمێر ١٠:٣٠ـی بەیانی پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت، ئێمە وەک کۆمسیۆن پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بۆ  هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێم بەم شێوە بۆ میدیاکان دوا.

جومانە غەلای ڕایگەیاندووە، سبەینێ کاتژمێر ١٠:٣٠خولەکى بەیانی پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بەڕێوەدەچێت.

دەشڵێت، تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بە دەست نەگەیشتووە بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و هەربۆیەش ئێمە وەک کۆمسیۆن پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمیسیۆن پێنج نموونەی کارتی دەنگدانی ئامادەکردووە، کە چواریان بۆ بازنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمى کوردستانە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و نموونەیەکیشیان بۆ دەنگدانی تایبەتە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەنگدانەکە بە سەرپەرشتی دادوەر عەباس فەتلاوی بەرپرسی ئیدارەی هەڵبژاردن و یاریدەدەری تەکنیکی موهەنەد عەباس فازل دەبێت.

بڕیارە لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كورسی كۆتاكان نەماوە و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەرێم بۆ ١٠٠ كورسی كەم كرایەوە.

ڕ.ش

Comments are closed.