عێراق لە كاركردنی منداڵاندا پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی جیهانییە و عێراقیش پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە لەو ڕووەوە، دەشڵێت، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لە نێوان تەمەنی شەش بۆ ١٧ ساڵیدا لە بازاڕی كاردان و لەو ڕێژەیەش ٨٠٪یان نێرن.

فازل غەراوی، سەرۆكی ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە بارەی پلەى عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانى عەرەبى بۆ كاركردنی منداڵان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی جیهانییە و بەرزترین ڕێژەش لە وڵاتانی كەم داهاتدا هەیە، هاوكات زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لە نێوان تەمەنی شەش بۆ ١٧ ساڵیدا لە بازاڕی كاردان و لەو ڕێژەیەش ٨٠٪یان نێرن.

ئاماژەى بەوەش كرد، عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەربییدایە لەڕووى کارکردنى منداڵانەوە لە دوای یەمەن و سوودان و میسر، ڕێژەی كاركردنی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ ١٥ ساڵ دایە دەگاتە ١٣.٦٪ و ئەو منداڵانەی تەمەنیان زیاترە دەگاتە ٣٤.٨٪.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی كاركردنی منداڵان لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئابووری بەهۆی كەمی داهاتی خێزان، ڕێژەی بەرزی بێكاری، هەژاری، ململانێكان، ئاوارەبوون، ڕێژەی بەرزی توندوتیژیی خێزانی لە دژی منداڵان و سیستمێكی لاوازی یاسادانان.

لە ماددەی ١٥ـی یاسای خوێندنی عێراقدا باسی هاوكاری نێوان وەزارەتی پەروەردە ‌و وەزارەتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكات، بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێ كردنی بڕیاری كارپێنەكردنی نەوجەوانان بەر لە تەواوكردنی تەمەنی یاسایی.

هاوكات ماددەی ٢٩ لە دەستووری عێراقیش داوا دەكات دەوڵەت پاراستنی دایكایەتی ‌و منداڵ ‌و بە تەمەنان بگرێتە ئەستۆ ‌و چاودێری تازەپێگەیشتووان ‌و گەنجانیش بكات‌، هەروەها هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەپێدانی تواناكانیان دابین بكات، ئەمە جگە لە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی منداڵان لەڕووی ئابووریەوە بە هەموو شێوەكانییەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.