سەعدی ئەحمەد پیرە: هیچ کێشە و ڕێگرییەک لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە

ناوەندی هەواڵەکان

کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەنەکە کۆتایی هات و وتەبێژی ئەو حزبەش دەڵێت: ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت خراپە و پێگەى هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى لاواز دەکات، چونکە هیچ ڕێگری و کێشەیەک نییە لەبەردەم هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ ئەنجومەنى سەرکردایەتی یەنەکە بەسەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى لە شاری سلێمانى کۆبووەوە و بەپێی میدیای یەنەکەش کۆبوونەوەکە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستانەوە هەبووە، کەمێک پێش ئێستاش کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.

دوای کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەنەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەى کرد و وتی: ئەمڕۆ سەرکردایەتى یەکێتی بەسەرۆکایەتى کاک بافڵ کۆبوونەوەى ئاسایی خۆی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسی ناوخۆی هەرێم و عێراق کرا، هەمان کاتیش باسی هەڵبژاردن کرا.

وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە کە یەکێتى پابەندە بە بەوکاتەى کە بۆ هەڵبژاردنى هەرێم دانراوە، یەکێتى لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ ئەو هەڵبژاردنە، ئەرکەکانی خۆی بەسەر ئەندامانى مەکتەبی سیاسییدا دابەشکردوە بەپێی بازنەى هەڵبژاردن، ئەندامانی سەرکردایەتیش بەسەر بازنەکاندا دابەش دەکرێت.

وتەبێژی یەنەکە ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان پێیان باشە هەڵبژاردن بکرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ناوچەکە لە کوڵاندایە بە ڕووداوی ئاڵۆز، بۆیە هەرێم پێویستى بە پەرلەمانێکی کارا و چالاک هەیە بۆ بەدواداچوونی کارەکانی دامەزراوە تەنفیزییەکان و هەروەها دەرکردنى یاسا.

پیرە جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان پێویستە بە حکومەتێکی کارا هەیە کە خزمەتى هاوڵاتییان بکات و چارەسەری کێشەکان بکات و هەلی کار بڕەخسێنێت و کیشەکانى کارەبا و ژینگە و بێکاری چارەسەر بکات.

وتەبێژی یەنەکە باسی لەوەکرد، پابەندبوون بە هەڵبژاردن تەنیا خواستی یەکێتی نییە، بەڵکو خواستى هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەوانەیە کە گرنگی بە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەى هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی بەهێز و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا توندو تۆڵ دەکات.

سەبارەت بە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن و پێداگیری پارتى، سەعدی پیرە وتیشی: بڕیاری هەڵبژاردن لە ١٠ی حوزەیران لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دراوە، کۆمسیۆن لە کارەکانى خۆی بۆسەرپەرشتیکردنى هەلبژاردن بەردەوامە، لایەنەکان ناوی لیستەکانیان پێشکەش کردوە، ئیتر نازانم چی ڕێگرییەک هەیە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن.

هەروەها لەسەر هەڵبژاردن وتەبێژی یەنەکە دووپاتیکردەوە، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت خراپە و پێگەى هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى لاواز دەکات، چونکە هیچ ڕێگری و کێشەیەک نییە لەبەردەم هەڵبژاردن، بۆیە نەکردنی پاشگەزبوونەوەیە لە سیستەمی دیموکراسی و خەڵکیش بڕوایان لاواز دەبێت بە هەڵبژاردن.

هـ.ح

Comments are closed.