نێچیرڤان بارزانى بە ڕەزامەندی بەغدا هەڵبژاردنی هەرێم دوادەخات

ناوەندی هەواڵەکان

هەوڵەکانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم سەری گرت و هەڵبژاردن دوادەخات، بڕیارییشە لەماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ لایەنەکانى هەرێم کۆبێتەوە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن و دیاریکردنى وادەیەکی دیکە.

ماوەی دوو ڕۆژە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ماوە بەسەرچووی هەرێم لە بەغدایە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە پرسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم بوو، کە ١٠ـی حوزەیرانى ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە دیاری کراوە.

بەپێی زانیارییانەى کە دەست ڕۆژنیوز کەوتوون، نێچیرڤان بارزانى لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا توانیویەتى سەرکردە و لایەنە عێراقییەکان ڕازی بکات بە دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم بۆ وادەیەکی دیکە کە هێشتا دیاری نەکردوە.

لەو سەردانەدا سەرکردە و لایەنە عێراقییەکان بە نێچیرڤان بارزانیان ڕایانگەیاندوە کە ئەو سەرپشکە لەوەى هەڵبژاردن دوابخات بۆ هەر وادەیەک کە خۆی لەگەڵ لایەنەکانى هەرێمی کوردستان لەسەری ڕێکدەکەون.

بەپێی زانیارییەکان نێچیرڤان بارزانى باسی لەدوو وادە کردوە بۆ هەڵبژاردن، وادەیەکیان مانگی ١١ی ئەمساڵ، وادەکەی تریان مانگی ١٠ی ساڵی داهاتوو کە بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیش بکرێت، ئەوکاتە بەیەکەوە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لایەنە عێراقییەکان بۆ هەردوو وادەکە سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێمیان سەرپشک کردوە.

ئەمشەو نێچیرڤان بارزانى دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق وسەرکردە و لایەنە سیاسیەکان و ئیدارەى دەوڵەت گەڕایەوە شاری هەولێر.

ڕۆژنیوز ئەوەشی زانیوە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسیەکانى هەرێمی کوردستان بۆ دواخستنى هەڵبژاردن و ئەو دوو وادەیە کۆبێتەوە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکان نێچیرڤان بارزانی وێڕای هەوڵەکانی خۆی لەناوخۆی هەرێم، داواشی لە چەند سەرکردەیەکى عێراق کردوە، گفتوگۆ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بکەن و ڕازی بکەن کە هەڵبژاردن دوا بخرێت، ئەوانیش ئەو بەڵێنەیان بە نێچیرڤان بارزانى داوە.

سەرچاوەیەکى دیکە ئەوەیان ئاشکرا کردوە، نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکانیدا نیگەرانى خۆی لە دواخستنى هەڵبژاردن دەربڕیوە، بەڵام ئاشکرای کردوە کە مەسعود بارزانى بڕیاری کۆتایی داوە نە پارتى بەشداری هەڵبژاردن دەکات و نە ڕێگەش بە دانانى سندوق لە هیچ ناویەکی هەولێر و دهۆک دەکات، ئەوەش دۆخی هەرێم و عێراقیش بەرەو ئاڵۆزی دەبات.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی دوور لە چاوی میدیاکان لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکەش کۆبووەتەوە و تێیدا ئەوانیش هۆشداریان داوە لەوەى کە نابێت ئاسایش و ئارامی هەرێم و عێراق تێکبدرێت، بۆیە پێیانوابووە ئەگەر دواخستنى هەڵبژاردن دەبێتە هۆی ئارامی و سەقامگیری ئەوا ئاساییە بۆ ماوەیەک هەڵبژاردن دوابخرێت.

بەوپێیەش لەو سەردانەدا نێچیرڤان بارزانى بە پشتیوانى سەرکردە و لایەنە سیاسیەکانى عێراق و باڵیۆزی وڵاتان بڕیاری دواخستنى هەڵبژاردن دەدات و لەماوەیەکى نزیکیشدا لە سەرۆکایەتى هەرێم لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە یاخود بە شاندێک خۆی سەردانى لایەنەکان دەکات.

هەوڵەکان بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە رۆژی ٧ی تەموز وادەی یاسایی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆتایی بێت، بەو پێیەش چارەنووسی هەڵبژاردن یان دەکەوێتەوە دەست دامەزراوەکانى هەرێم یان ئەوەتا دەبێت بخرێتە مانگی ١٠ی ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەلبژاردنى پەرلەمانى عێۆاق، کۆمسیۆنى نوێی عێراق سەرپەرشتى بکات.

هـ.ح

Comments are closed.