عێراق و ئەمریكا لەسەر چی ڕێککەوتوون؟

ناوەندی هەواڵەكان

ماوەی چوار ڕۆژە سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێكی باڵا لە ئەمریكایە و چەندین كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بە پرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا و چەندین یاداشت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان واژۆ كران، بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری، سەربازی، وزە و چەندین بابەتی گرنگی دیكە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی ئەو یاداشت و ڕێككەوتنامانەی لە نێوان عێراق و ئەمریكا واژۆكراون، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: ماوەی چوار ڕۆژە سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێكی باڵا لە ئەمریكایە و چەندین كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بە پرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا و چەندین یاداشت و ڕێككەوتنیش لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان واژۆ كران، كە بریتین لەمانەی خوارەوە.

یەكەم: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی كارەبا و كۆمپانیای كارەبای گشتی (GE) لە بواری پەرەپێدانی كەرتی وزە واژۆكرا.

دووەم: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای هانوێڵ، بۆ ئەنجامدانی هاوبەشییەك لە بواری داڕشتنی پلانی ستراتیژی بۆ كێڵگە نەوتییەكان و غازی پەیوەندیدار واژۆكرا.

سێیەم: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی نەوت و كارەبای گشتی لە بواری پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان و غازی پەیوەندیدار واژۆكرا.

چوارەم: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان و كۆمپانیای MACKی ئەمریكی بۆ بزوێنەر و ئامێرەكان، لە بواری درووستكردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت واژۆكرا.

 پێنجەم: یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای باكستەر ئینتەرناشناڵ بۆ هاوكاری لە بواری پێداویستیەكانی پاككردنەوە خوێن واژۆكرا.

شەشەم:  یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای KBRی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان واژۆكرا.

حەوتەم: یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ KBR لە بواری بەرهەمهێنانەوەی غازی سەرەتایی و گۆڕینی بۆ غازی شل و غازی پەیوەندیدار واژۆكرا.

هەشتەم: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان بانكی نیشتمانی عێراق (NBI) و كۆمپانیای گەشەپێدانی دارایی نێودەوڵەتی ئەمریكی واژۆكرا.

نویەم: ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای ترانس ئەتڵەنتیك پترۆلیۆم لە بواری پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان واژۆكرا.

دەیەم:  یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای هانوێڵی ئەمریكی لە بواری پەرەپێدانی كێڵگە غاز واژۆكرا.

یازەدەیەم: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكی هانوێڵ بۆ پەرەپێدان و ئۆتۆماتیكیكردن و خزمەتگوزارییەكان واژۆكرا.

دوانزە: یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای بەیكەر هیوزی ئەمریكی لە بواری بەكارهێنانی ئامێری زیرەك بۆ وەستاندنی بەهەدەردانی غاز و پەرەپێدان و پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان واژۆكرا.

سیازدە: یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای ئیمێرسۆن لە بواری تەكنەلۆجیا و ئۆتۆماتیكیكردن لە كێڵگە نەوتییەكان واژۆكرا.

چواردە: یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای جی ئێی لە بواری پاڵپشتیكردنی پیشەسازی نەوت واژۆكرا.

 پازدە: یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای ئارك ئینێرجی لە بواری بەرهەمهێنانی غازی پەیوەندیدار واژۆكرا.

شازدەیەم: یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای ئیمێرسۆن لە بواری پەرەپێدانی وزە و دابینكردنی ئامێرەكان واژۆكرا.

حەفدەیەم: یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای جی ئێی لە بواری دابینكردنی ئامێر بۆ چارەسەركردنی غازی پەیوەندیدار لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبادا واژۆكرا.

هەژدەیەم: ڕێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیای هانوێڵ لە بواری پەرەپێدان و پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان و ڕاگرتنی سووتانی غاز واژۆكرا.

شارەزایانی سیاسی پێیاوایە، ئەم ڕێككەوتنانەی سوودانی كە لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكیدا واژۆیی كردووە، دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی عێراق لە سەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی غاز لە ناوخۆیی عێراقدا، كە ئەمەش  ڕێگری لە چوونە دەرەوەی پارەیەكی زۆری عێراق دەگرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.