سەدان بارهەڵگر لەسەر ڕێگای كۆیە گیریان خواردووە

ناوەندی هەواڵەکان

هاوڵاتییانی تەقتەق شەوی ڕابردوو، ڕێگایان بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخست، بەوهۆیەوە سەدان بارهەڵگر گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر بەڵام بازگەی دێگەڵە ڕێگری دەکەن و داوای سەرانەیان لێ دەکەن.

 بەهۆی داخستنی ڕێگای تەقتەق بەڕووی شۆفێرانی بارهەڵگردا، سەدان ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە و بە ناچاری دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی بارەكانیان لێ باركردووە، بەڵام بازگەی دێگەڵەی پەدەكە ڕێگا بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان نادات بگەرێنەوە سنووری پارێزگای هەولێر و داوای سەرانەیان لێ دەکەن.

لەمبارەیەوە محمد ئیبراهیم یەكێك لە شۆفێرانی بارهەڵگر بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە هاتووینەتە بازگەی تۆپزاوە لە نزیك ناوەندی شارۆچکەی كۆیە، وتیان ڕێگا نییە بگەرێنەوە، ئێستا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ هەولێر بەڵام بازگەی دێگەڵەی پەدەكە داوای ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دینارمان لێ دەكات، كە ئەوەش گرفتی بۆ ئێمە درووست كردووە.

وتیشی: ئەوەی ئێمە بارمان كردووە بەشێكی نەوت و بەنزین و نەفتایە، كە هەموو زۆر مەترسیدارن و نابێ ئەوەندە بمێنێتەوە و ترسی گڕگرتنی هەیە.

عەباس فازل یەكێكی تر لە شۆفێرەكان وتی: ماوەی چەندین ڕۆژە كێشەی هاتوچۆ بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان درووست بووە، ماوەی دوو ڕۆژە لە نێوان كۆیە و هەولێر گیرمان خواردووە، نە نان و نە ئاومان پێ ماوە لە بارودۆخێكی زۆر خراپداین، هەموومان کاری شۆفێری دەكەین و خەڵكی هەژارین، ئێستا بۆ گەڕانەوەمان بازگەی دێگەڵە داوای پارەمان لێ دەكات، لە كاتێكدا ئێمە ئەو بڕە پارەیەمان پێ نییە، بۆیە داوا دەكەین چارەسەری كێشەی هاتوچۆ كردنمان بۆ بكەن.

ئەمە لە كاتێدایە شەوی ڕابردوو هاوڵاتییانی شارەدێی تەقتەق، خۆپیشاندانیان کرد و وەک ناڕەزایەتییەک ڕێگای نێوان تەقتەق و كۆیە-یان بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخست، هەر بۆیە ناچار شۆفێرانی بارهەڵگر دەبێت بگەرێنەوە هەولێر، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە ناهێڵن بچنە سنووری هەولێرەوە، ڕۆژانە نزیكەی هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی دەكەن، بەڵام لە ئێستادا هیچ ڕێگایەك نییە هاتوچۆی پێدا بكەن.

ب.گ

Comments are closed.