یەنەکە: ئەگەر پارتی ڕێگربێت لە هەڵبژاردن بەپێی دەستور مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت

ناوەندى هەواڵەکان

رابیحە حەمەد ڕایگەیاند، حزبەکەمان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان کردووە، دەشڵێت، ئەگەر پارتی ڕێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات ئەوا “بەپێی یاسا و دەستور مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.”

رابیحە حەمەد
رابیحە حەمەد

رابیحە حەمەد ئەندامى سەرکردایەتى یەنەکە لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمریکا باس لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دەکات.

رابیحە حەمەد وتویەتى، “نازانین پارتی لە هەولێر و دهۆک ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات یاخود نا، دەبێت پارتی خۆی وەڵام بداتەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم مافی خۆیانە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن، بەڵام ئەگەر پارتی ڕێگری بکات بەپێی یاسا و دەستور مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.

وتوشیەتى، “ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی هەرێم. دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، تا حکومەتی نوێ کێشە کەڵەکەبووەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات.”

ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەنەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، “حزبەکەمان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان کردووە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ڕۆژى ١٠ـی حوزەیرانى ئەمساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەبچێت.

جێگەى ئاماژەیە، هەرچەندە پەدەکە هەوڵ دەدات بەربەست بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم درووست بکات، بەڵام بەرپرسانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

ئ.م

Comments are closed.