شنگالییەکان: هاتنی ئەردۆغان لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە

ناوەندى هەواڵەکان

شاندێکى شنگال، کە پێکهاتوون لە میر نایف، دەستەی عەشایەری، دەستەی ئاینی و کۆردیناسیۆنی هێز و پێکهاتەکان، لە بەغدادی پایتەخت زنجیرەیەک چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و خواست و داواکانی جڤاکی شنگالیان گەیاندە بەرپرسانی عێراق و ڕایانگەیاند، هاتنی ئەردۆغان لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە.

وابڕیارە ئەردۆغان لە ٢٢ـی نیساندا سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراق بکات و لەسەر چەندین بابەت لەگەڵ بەرپرسانى عێراق گفتوگۆ بکات.

ئەو سەردانەى ئەردۆغان لەلایەن ئێزدییەکانەوە ناڕەزایەتى بە دواى خۆیدا هێناوە و هەربۆیە شاندێکیان، کە پێکهاتوون لە تەواوی پێکهاتەکانی شنگال سەردانی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق، قەیس غەزعەلی و سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن، رەیان کلدانیان کرد.

بەپێى زانیارییەکان، لە چاوپێکەوتنی شاندەکەی شنگالدا لەگەڵ قەیس غەزعەلی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆ کرا.

١- هاتنی ئەردۆغان لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە.

٢- پێویستە دەوڵەتی عێراق ئاسمانیی بەڕووی تورکیادا دابخات.

٣- پەدەکە ڕێگەی بۆ دەوڵەتی تورک خۆشکردووە خاکی عێراق داگیربکات.

٤- ئیدارەی شنگال بۆ گەلی شنگالە و هیچ کەسێک دەستوەردانی تێدانەکات.

٥- گەڕانەوەی ئاوارەکان لە زووتریین کاتدا.

٦- باچیتر کۆمەڵگەی ئێزدی نەبێتە قوربانی سیاسەتی نێوان حکومەتی عێراقی و باشووری کوردستاندا، کۆتایی بە پەیمانی ٩می تشرینی یەکەم بهێنرێت.

٧- نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق خەڵەف شنگالی بۆ کاروباری ئێزدییەکان نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزیدییەکان نییە، سەر بەلایەنێکی سیاسییە و هەموو کارەکانی لە خزمەتی ئەو لایەنەیدایە.

هەروەها شاندەکەی شنگال لە درێژەی سەردانەکانیاندا چاوییان کەوت بە سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن، رەیان کلدانی و لەسەر هەمان بابەت گفتوگۆیان کرد. لە چاوپێکەتنەکەدا رەیان کلدانی بەڵێنی ئەوەی بە شاندەکە دا هەموو کاتێک پشتگیری لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکات.

 هەروەها، دەربارەی چاوپیکەتنەکانیان میر نایف بە فوڕات نیوزى ڕاگەیاندووە،تا پلانی نێودەوڵەتى و هێرشی ئاسمانیی لە دژی شنگال هەبێت، بەردەوام دەبین لە چاوپێکەوتنەکانمان.

دەشڵێت، لە ئێستادا گەلەکەمان نیگەرانە، لەبەرئەوەی لەم دوایەنەدا چەندیین پلان و یاری بەرامبەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت، ئامانجمانە لەسەر ئەم ڕەوشەی گەلەکەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو کەسێکدا بکەیین و گفتوگۆی ئەم بابەتانە بکەین.”

باسی لەوەش کرد، دەوڵەتی تورک و هەندێک لە هاوکارەکانی بە پاساوی پەکەکە دەیانەوێت جارێکی دیکە ئێزدییەکان قڕکەن و ماوەی ١٠٠ ساڵە دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی ئێزدییەکان دەکات و هەموو فەرمانەکانی سەر ئێزدییەکان لەلایەن ئەوان و پێشینە عوسمانییەکانیانەوە کراوە.

ئەوەشى خستەڕوو، لە چاوپێکەوتنەکانمدا بە قەیس غەزعەلیمان وت؛ پێویستە دەوڵەتی عێراق نەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکەوە. لە ٢٢ـی نیساندا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات، پێویستە عێراق دەرفەتی ئەوە نەدات تورکیا خاکی عێراق داگیربکات.”

لە کۆتایدا وتى، چاوپێکەوتنەکانی کۆردیناسیۆنی هێز و پێکهاتەکانی شنگال، دەستەی عەشایەری و دەستەی ئاینی لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى عێراق بەردەوامی دەبێت.

ئ.م

Comments are closed.