چالاکوانێکی هەولێر: کاتی هەڵوێستە لە دژی ئەردۆغانی خوێنمژ

ناوەندی هەواڵەکان

لە دژی هاتنی ئەردۆغان بۆ شاری هەولێر و دانانی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر، چالاکوانێکی ژنی ناڕەزایەتیی دەربڕی و وتی: ئەو پیلانەی کە ئەردۆغانی خوێنمژ پێیەتی لەناوبردنی گەلی کوردە، بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی، کاتی هەڵوێست و ناڕەزایەتییە لە دژیان.

لە دژی هاتنی سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم و هەڵکردنی ئالای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر، ڕووبار یوسف ژنە چالاکوانی کوردی خەڵکی شاری هەولێر، کە لە وڵاتی نەرویج دەژی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە.

ڕووبار یوسف وتی: وەک چالاکوانێکی مەدەنی شاری هەولێر، ناڕەزایەتی خۆم دەردەبڕم بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر ڕوویدا، ئەو کوردستان و هەولێرەی کە بە خوێنی هەزاران لاوی کورد پارێزراوە بە ئاڵای تورکی داگیرکەر ڕازێنرایەوە، ئەوەش جێگەی نیگەرانی من وهەموو کوردێکی بەنامووسە، ١٢ ساڵ بەر لە ئێستا ئەردۆغانی خوێنمژ داعش و پیلانێکی گڵاوی هێنا بۆ کوردستان، ئامانجیشی لەناوبردنی کورد بوو، بەتایبەتی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، خۆشبەختانە کچان و کوڕانی کورد ئەو خەونەی ئەردۆغانیان لە گۆڕنا، ئەوەش بوو بە شانازییەکی گەورە لە جیهان و ژنانی کورد بوون بە ڕەمز لە جیهاندا.

وتیشی: ئەرکی هەموو مرۆڤێکی بە ئەخلاق و بە هەڵوێستە لەم کاتەدا هەڵوێست دەرببڕن، بە یەک دێڕیش بێت بنووسن نا بۆ هاتنی ئەردۆغان، ئەو پیلانەی کە ئەردۆغان پێیەتی ئەوەیە کە گەلی کورد قڕ بکات و لەناویبەرێت، بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی، بێڕوویی و بێشەرمی ئەوانیش گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە میدیایەکی کورد تەرخان بکەن بۆ پێشواز لە ئەردۆغانی خوێنمژ و هەولێر پڕبکەن لە ئاڵای گڵاوی تورکیا.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، وەک کچێکی شاری هەولێر ناڕازیم لەو دۆخە و داوا لە هەموو چالاکوانان و ئازادییخوازان و هەموو گەلی کورد دەکەم، کاتی ئەوەیە کە هەڵوێست دەرببڕن، کورد نامرێ و کورد هەمیشە سەرکەوتووە هیوادارم ئەم پیلانەش وەک پیلانەکانی تر لەناوببەین.

ب.گ

Comments are closed.