“ژنکوشتن ڕاگرن و چەکەکان بۆ بەرگری لە خاک بەکاربهێنن”

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵکوژی ژنان کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بەرەو وێرانبوون دەبات، پێویستە ژنکوشتن ڕابگرن و لولەی چەکەکان بکەنە دوژمنان و داگیرکەران.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی کۆمەڵکوژی و کوشتنی ژنان بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، “کۆمەڵکوژی ژنان هەرەس بە هەرێمی کوردستان دێنێت و سوپایەک لە ژنکوژان خەریکن ژیان و کۆمەڵگەی باشووری کوردستان وێران دەکەن، لە کاتێکدا دەبێت ئەو سو-وپایە بەرگری لەو خاک و نیشتیمانە بکات کە داگیرکراوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاکدا هاتووە، “سوپایەکی بێ ئیشی پیاوێتی، کە تەنها کاریان ژنکوشتن و سوکایەتی و بە کاڵاکردنی ژنانن، لەم هەرێمە قەڵەو دەکرێن، کە تەواوی کۆمەڵگەیان خستووەتە ناو مەترسیەکی گەورەوە”.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیاش هۆکارێکە بۆ خێراکردنی ئەو هەڵمەتە دژی ژنان و نمایشکردنی جەستەی ژن، مامەڵەکردن و بازرگانیکردن و بەکارهێنانیانە بۆ بەرژەوەندی پیاوێتی برسی، کە لولەی چەکەکانیان تەنها لە ژنە و لە ئاست داگیرکاران سەریان نەویە تا ئاستی کڕنوش بردن.

ڕژاک ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە ئامانجی ئەوەی ژنان لە ڕێگای تێکۆشانی ئازادیی خاک و نیشتیمان و زهنی دووربخرێتەوە، هەموو جۆرە پلان و سیاسەتێک بەکاردێنن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاکدا باسلەوەکراوە، کە لە ژێرناوی نامووس ڕۆژانە ژندەکوژن، کاتێ ژن ناکەوێتە ژێر هەوەسبازیان لە باڵەخانەکان فڕێیی دەدەنەخوارەوە، کاتێکیش ژن بۆ بەرژەوەندیەکانیان بەکاردێنن بۆئەوەی کارە قێزەونەکانیان ئاشکرانەبێت دێن و دەیان کوژن بەو چەکانەی، کە دەبێت بۆ پاراستنی خاک بەکاری بێنن، کاتێک غەریزەی پارە و میراتی و برسێتی ماددیی لە زهنیاندا جێگیردەبێت ئیتر ژنەکان دەبنە ئامانجی چەکەکانیان و خووشک، دایک، کچ و هاوژین زۆر بە ئاسانی دەکوژن و بکوژانیش سزانادرێن و وەکو ئەوەی کە خاکیان ڕزگارکردبێت بەشانازیەوە دەگەڕێن لەبەرچاوی هەمووان.

ڕژاک لەو مەترسییەشدا دەڵێت: ئەو ڕێگایەی، کە کراوەتەوە بۆ ئەو سوپا ژنکوژانە گەورەترین مەترسین لەسەر کۆمەڵگە چونکە، کە ژنی کوشت ئیتر ئامادەیە بۆ کوشتنی هەموو کەس بەدەر لە داگیرکاران.

تیشکخراوەتە سەر ئەوەی، لە هەولێر، سلێمانی و لە عێراقیش لەم چەند ڕۆژەدا چەندان ژن بەناوی نامووس و میراتی کۆمەڵکوژ کراون، ئەوەش مەترسیە بۆ سەر تەواوی ژنان، کوشتنی هەرژنێک کوشتنی هەریەک لە ئێمەی ژنانە.

ڕژاک دەشڵێت: بۆ ڕاگرتنی کوشتنی ژنانی بانگەوازی لە تەواوی ژنان دەکەین، کە چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو هەموو کوشتنەی ژنان وهەڵوێستێکی زۆر گرنگ و مێژوویی نیشان بدەین و ئەرکی ئێمەی ڕێکخراوەکانە، کە ژنان هۆشیاربکەینەوەو بپارێزین لەوهەموو کوشتنە.

لە کۆتاییشدا هاتووە، هەر جۆرە کوشتنێکی ژنان شەرمەزار و بەنەفرەت دەکەین و هەوڵ وتێکوشانی خۆمان دووپات دەکەینەوە، دەڵێین: بەسە ژنکوشتن و چەکەکانتان بۆ پاراستنی نیشتیمان بەکاربێنن.

ش. ئـ

Comments are closed.