ساڵی ڕابردوو ٣٠ ژن بە پاساوی “شەرەف” کوژراون

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا دەربارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، ئەوەی ئاشکراکردووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ٣٠ ژن بە پاساوی “شەرەف” کوژراون.

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بڵاو کردووەتەوە و لەبارەی دۆخی ژنان لە کوردستان ڕایگەیاندووە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ناوچەکانی هەرێم ٣٠ ژن بە پاساوی شەرەف لەلایەن کەسوکاریان یاخود کەسانی نادیارەوە کوژراون.

هاوکات، باسیش لەوە کراوە، زیاتر لە دوو هەزار و ٦٤٤ ژن و پیاوی ئێزدی، کە لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون، هێشتا چارەنووسیان نادیارە وبزرن.

باس لەوەشکراوە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن زۆرن، بەڵام ٧٥٪ـی ژنان لە ترسی کوشتن و تۆڵەکردنەوە و توندوتیژیی ناوێرن داوا لە پۆلیس تۆماربکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.