چالاکوانێکی سیاسی: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ درێژەدان بە هێرش و داگیرکارییەکانی بوو

سلێمانی

کاردانەوەکان لەدژی سەردانەکەی ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ عێراق بەردەوامە و چالاکوانێکی سیاسیش، ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق ئامانجی ئەنجامدانی هێرش و داگیرکاری زیاترە و دەشڵێت: هاتنی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەردۆغان بۆ کۆتایی هێنانە بە ڕێکەوتنێک کە دەمێکە ئەنجام دراوە و ئامانجیان بە فەرمی کردنییەتی.

ڕۆژی ٢٢ــی ئەم مانگە سەرۆکی دەوڵەتى داگیرکەری تورک سەردانى عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و ئامانجی سەرەکی سەردانەکە پەلکێشکردنى حکومەتى عێراق و پەدەکە بوو بۆ شەڕی دژی گەریلاکانى ئازادیی کوردستان و داگیرکردنى زیاتری خاکی هەرێم، هەروەها ئامانجێکی دیکەى ئەوە بوو عێراق ناچار بکات پەکەکە وەک ڕێکخراوێکى تیرۆرستی بناسێنێت، بەڵام شکستى هێنا.

جوتیار ڕەشید، چالاکوانی سیاسی، لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەکانی سەر باشوو و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها هاتنی سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەردۆغان، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ  ڕۆژنیوز دەدوێت.

جوتیار ڕەشید وتی: یەکێک لە هەرە مەترسییە گەورەکان کە تورکیا دەی بینێت جوڵانەوەی نەتەوەیی کوردە، جا لە هەر پارچەیەکی هەرێمی کوردستان بێت، بەتایبەت باکووری کوردستان، کە خۆی لە باسکی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستاندا دەبینێتەوە، بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی هێرش و داگیرکەریەوە، بەکارهێنانی چەندین جۆری قەدەغە کراوی جیهانی لەسەر ئەم هێزە تاقی بکاتەوە.

وتیشی: تورکیا خۆی ڕایگەیاندووە کە بە نیازە هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر قەندیل، بەرنامەی هەیە ئەو هێزە لەوێدا بخنکێنن، ئەردۆغان و ئاک پارتی ئەم هەلەیان قۆستوەوە، کە لەم ناوچەیەدا لە قەیراندایە و لە سەرجەم لایەنەکانەوە خەریکە دەبێتە بەرمیلێک بارووت و لە تەقینەوەدایە، ئەردۆغان سەرقاڵی هێزە جیهانییەکانی قۆستوەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە تورکیا لەم ناوچەیەدا ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورە دەبێتەوە، ئیتر ئەم شەڕە تەنها خۆ ئامادەکردنە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کورد، یاخود دەیەوێت ببێت بە  بەشێک لەم جەنگە گەورە.

هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوور، ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا تووشی شکستێکی گەورە بوویەوە ئەردۆغان، بابەتێکم ئامادەکردبوو، کە جەنەراڵ و ڕژنامەنووسێکی تورکیام بە نموونە هێنابوویەوە، کە دەڵێن، ئەمە سەرەتای شەڕی ناوخۆیە لە ناو تورکیا، پێیان وایە کە ئەردۆغان نیازی هێرشی ڕووبەڕووی هەبووە بۆ سەر قەندیل، بەڵام کورد لە پشتەوە هێرشی کردووەتە سەریان، بە سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

جوتیار ڕەشید باس لەوە دەکەن، تورکیا بە ئاشکرا بە حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە، پەکەکە دوورخەنەوە و خۆتان سنوورەکان بپارێزن، یاخود ئێمە دێین بە قوڵایی ٤٠ کم، بەڕاستی ئەمە کارەساتێکی ترسناکە، دەیانەوێ حکومەتی عێراقی بێتەوە هەرێمی کوردستان، هۆکاری ئەم کێشانە و لاوازی نەتەوەی کورد  ئەم دەسەڵاتەیە کە شەرعیەتی خۆی لە دەستداوە و هیچ کارێکی نەکردووە کە سنوور و خاکەکەی بپارێزێت.

لە درێژەی قسەکانیدا، جوتیار ڕەشید دەڵێت: ئەگەر دەسەڵات پارێزگاری لە خاک و گەلەکەی نەکات، چ پێویست دەکات داوای هەڵوێست لە ئەمریکا و عێراق بکات، لە کاتێکدا ئێمەحکومەت و دەسەڵاتمان هەیە لە باشوور، کە دەسەڵاتێکی کوردییە کە ڕۆژێک نقەی لینەهاتووە سەبارەت بەم کوشتن و داگیرکارییانەی تورکیا، لە باشوور وەک خۆیان دەڵێن بیانووی پەکەکەیە، کەواتە بیانووی هێرشەکانی ڕۆژئاوا  چییە، کە بەردەوام هێرش و داگیرکاری بەرامبەر دەکرێت.

ئەو چالاکوانە سیاسییە، ئەوەش دەخاتەڕوو، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تورکیا لە ڕێگەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو دەوڵەتی عێراق و تورکیا، پیلان دادەڕێژن بۆ هێرشکردنە سەر گەلی کورد، بە ڕای من هاتنی ئەردۆغان بۆ کۆتایی پێهێنان بەو ڕێکەوتنەیە کە لە مێژە کۆتایی هاتووە لە نێوانیان و دەیانەوێت بە فەرمی بیناسێن، کە ئامانجیان هێرشکردن و لەناوبردنی گەلی کوردە.

 هەروەها جەختی لەوەشکردەوە، ئەم دوو لایەنە دۆخێکی وایان بۆ هاوڵاتییان و گەلەکەیان درووست کردووە، گەلیان خستووەتە نێو بڕیارێکەوە کە دەبێت ئەمانە لابەرن لە دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، پارتی ئێستا ئەوەی بۆی ماوەتەوە تەنیا سوچێکە، بەهۆی فشارەکانی عێراق و هاوڵاتییانی، ئەمەش ناچاری کردووە پەنا بەرێتە بەر تورکیا تا بمێنێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا لەسەر بێدەنگی لایەنە کوردییەکان بەرامبەر ئەم کارەساتە وتی:  بەداخەوە لایەنە کوردییەکان، دەبوایە کاریان کردایە تا وەک هەرێمێکی یەکگرتوو بەهێز لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە بنیاد بنێن بۆ نەتەوەکەمان، ئەو کات بەشێک دەبووین لە بازنەی پارێزبەندی زلهێزانی دونیا، ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بۆ ئەو مەترسییانەی ئێستای تورکیا، بەداخەوە تەنانەت نەیان توانیووە ڕێگری بکەن، وایان لێهاتووە دەبێت هاوکاریان بکەن، چونکە فشاریان لەسەرە و بەرژەوەندی خۆیانیان لەپێشتر داناوە.

هـ.ح

Comments are closed.