دادگایی فیدراڵی لە بارەی سكاڵایەك لە دژی هەرێم و بەغدا كۆدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

هەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەك كۆدەبێتەوە، كە دژی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تۆماركراوە و تیایدا داواكراوە، هەردوو حكومەت پابەند بكرێن بە جێبەجێ كردنی بڕگەكانی یاسای بودجە.

دادگایی فیدراڵی عێراق خشتەی دانیشتنەكانی هەفتەی داهاتووی بڵاو كردووەتەوە و بڕیارە لە بارەی سكاڵایەك كۆببێتەوە، كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هەیە.

بەپێی خشتەكە، ٢٨ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵى لەسەر سكاڵایەك كۆدەبێتەوە، كە لەلایەن پارێزەرێك بەناوی ئازاد عەبدول حەمید دۆسكی لەسەر سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرانی نەوتی عێراق و هەرێم تۆماركراوە.

لە سكاڵاكەدا داواكراوە، هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی ماددەی (١ و ١١ و ١٢ و ١٣) لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، كە چۆنیەتی دابەشكردنی داهات و خەرجی لە نێوان هەرێم و بەغدای ڕێكخستووە.

جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستاش كێشەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم بەردەوامە، بە وتەى چاودێرانیش ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێت، هەمان كێشەی بودجەی ساڵی ڕابردوو لەمساڵدا دووبارە دەبێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.